رووداو دیجیتال
توێژەرێکی ئیسرائیلی-رووسی کە بۆ ماوەی 903 رۆژ لەلایەن گرووپێکی چەکداری عێراقی بە بارمتە گیرابوو، ئاشکرای دەکات کە چوار مانگ و نیوی سەرەتای دەستگیرکردنەکەی لە نێو ناوچەی جورف ئەلسەخر (جورف ئەلنەسر) بووە، هەمان ئەو پێگە سەرەکییەی میلیشیاکان کە ئێستا سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی بە سوپا کردووە کۆنترۆڵی بکاتەوە.
ئێلیزابێس تسورکۆڤ، توێژەری باڵا لە پەیمانگای نیو لاینز بۆ ستراتیژی و سیاسەت، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی رایگەیاند، گرووپی کەتائیبی حیزبوڵڵا ماڵی خێزانێکی لە جورف ئەلسەخر لە باشووری بەغدا داگیر کردبوو و کردبووی بە زیندان کە ئەوی تێدا راگیرابوو. تسورکۆڤ کە لە ئاداری 2023 لە بەغدا رفێندرا و لە ئەیلوولی 2025 دوای دانوستان و گوشاری بەردەوامی ئیدارەی ترەمپ ئازاد کرا، گوتی: "لەوێ بۆ چوار مانگ و نیو دەستبەسەر بووم. لە ماڵی تایبەتیی خێزانێکدا زیندانی کرابووم کە لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە دەستی بەسەردا گیرابوو."
ئەم ئاشکراکردنانە لە کاتێکدان کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە پاڵپشتییەکی بەهێزی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای هەیە، فەرمانی بە هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد بچنە نێو جورف سەخر، کە لە ساڵی 2014ـەوە پێگەی سەرەکیی کەتائیبی حیزبوڵڵایە.
بەغدا تاوەکو رۆژی هەینی مۆڵەتی داوەتە ئەو گرووپە بۆ کشانەوە، ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی لێکۆڵینەوەیەک کە تێیدا ئەو گرووپە بە دزینی سەدان ملیۆن دۆلار نەوتی دەوڵەت لە ساڵی 2021ـەوە تۆمەتبار کرا و حکومەتیش نۆ بەرپرسی ئەمنی و ئیداریی لە کارەکانیان دوورخستەوە.
ناوچەیەکی دابڕاو لە دەسەڵاتی دەوڵەت
بۆ تسورکۆڤ، مەترسییەکان زۆر لە داهاتی نەوت گەورەترن. ئەو داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات پشکنین بۆ تەواوی ناوچەکە و گوندەکانی دەوروبەری بکەن بۆ دۆزینەوەی "زیندانە نهێنییەکان"، "گۆڕە بەکۆمەڵەکان" و "کۆگاکانی چەک"، هەروەها ماڵە داگیرکراوەکان بگەڕێننەوە بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان.
تسورکۆڤ جورف ئەلسەخر بە ناوچەیەک وەسف دەکات کە لە ساڵی 2014ـەوە بە رووی حکومەتی عێراقدا داخراوە، کاتێک گرووپەکانی سەر بە ئێران لە دەرکردنی داعشدا بەشدار بوون، بەڵام رێگرییان لە گەڕانەوەی دانیشتووانە سوننەکەی کرد کە ژمارەیان بە 120 بۆ 180 هەزار ئاوارە دەخەمڵێنرێت.
تسورکۆڤ گوتی: "ئەگەر رێگە بە عێراقییەکان بدرێت بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، ئەوە دەبێتە نیشانەی گەڕانەوەی سەروەریی دەوڵەت" هاوکات هۆشداریی دا کە ئۆپەراسیۆنەکە وەک هەڵمەتێکی دژەگەندەڵی نیشان دەدرێت نەک هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی سەربازیی کەتائیبی حیزبوڵڵا، کە هێشتا بنکەی دیکەی لە عێراق و دەستگەیشتن بە دەروازە سنوورییەکانی ئێرانی هەیە بۆ پڕکردنەوەی چەکەکانی.
هەڵمەتێکی راستەقینە یان نمایشێکی سیاسی؟
مایکڵ نایتس، سەرۆکی توێژینەوە لە راوێژکاریی ستراتیژیی هۆرایزن ئینجەیج و توێژەر لە پەیمانگای واشنتن، گومانی خۆی دەربڕی لەوەی بەغدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی رووبەڕووی میلیشیاکان ببێتەوە و گوتی: "زۆر سەخت دەبێت جیاوازیی نێوان هەڵمەتێکی راستەقینە و نمایشێکی ساختە دژی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بکرێت."
نایتس ئاماژەی بە رووداوی حوزەیرانی 2020 کرد کاتێک مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو فەرمانی دەستگیرکردنی 14 ئەندامی کەتائیبی حیزبوڵڵای دا، بەڵام چەکدارانی گرووپەکە هەڵیانکوتایە سەر ناوچەی سەوز و زۆربەیان ئازادکران، دواتریش لە تشرینی دووەمی 2021 کازمی لە هێرشێکی درۆنی بۆ سەر ماڵەکەی رزگاری بوو. بە بڕوای نایتس، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە کەتائیبی حیزبوڵڵا باشتر مەشقپێکراو و پڕچەکن، بەڵام مەترسییە گەورەکە لە توانای میلیشیاکاندایە بۆ هەڕەشەکردن لە فەرماندە سەربازییەکان و خێزانەکانیان.
دەستگیرکردن چی لەبارەی پێکهاتەی میلیشیاکانەوە ئاشکرا کرد؟
تسورکۆڤ کە لە ماوەی زیندانیکردنیدا لە سێ زیندانی جیاوازدا مامەڵەی لەگەڵ نزیکەی 45 ئەندامی گرووپەکە کردووە، دەڵێت رێکخراوەکە لە دوو بەش پێکدێت: کەمینەیەکی ئایدیۆلۆژیی زۆر دڵسۆز بۆ ئێران و مەشقپێکراو بۆ هێرشی ئاڵۆز، لەگەڵ زۆرینەیەکی گەورەتر کە دوای شەڕی داعش تەنیا لە پێناو مووچەی حکومەت، پێگە و هەستکردن بە دەسەڵات بەسەر خەڵکدا پەیوەندییان پێوە کردووە و "ئارەزوویان لەوە نییە لە پێناو رژێمی ئێراندا بمرن."
ئەو پێشنیازی کرد حکومەت ئەو چەکدارانە تێکەڵ بە سوپای فەرمیی عێراق بکات لە ژێر فەرماندەیی سەربازیی سەربەخۆدا تاوەکو بژێوییان هەبێت و هەیکەلی سەرکردایەتیی میلیشیاکانیش هەڵبوەشێتەوە.
هەژموونی بەردەوامی ئێران و تاقیکردنەوە راستەقینەکە
نایتس پێیوایە هەڵمەتەکەی ئێستا زیاتر باڵی ئەبوو حوسێن لە کەتائیبی حیزبوڵڵا دەکاتە ئامانج، لە کاتێکدا باڵی فەرماندەی باڵا ئەبوو فەدەک تاوەکو رادەیەکی زۆر دەستی لێ نەدراوە و هەردووکیشیان فەرمان لە تاران وەردەگرن. هەروەها گومانی هەیە راگرتنی قاچاخچێتیی نەوت بتوانێت دارایی گرووپەکە لاواز بکات بەهۆی وەبەرهێنانە گەورەکانیان لە هۆتێل، خانووبەرە و پڕۆژە بازرگانییەکاندا.
لەلایەکی دیکەوە، نایتس ئاماژەی بە ناکۆکییەکانی ناو حکومەتی عێراق کرد، لەوانە پەسەندکردنی لەیس خەزعەلی، سەرکردەی باڵای عەسائیبی ئەهلی حەق (کە لەلایەن ئەمریکاوە وەک تیرۆریست ناسێنراوە) وەک جێگری سەرۆکوەزیران لە 15ـی تشرینی یەکەم، هەروەها دانانی موحسین مەندەلاوی وەک جێگری سەرۆکوەزیران کە دوو برای لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بەهۆی ئاسانکاریی دارایی بۆ ئێران سزادراون، سەرەڕای دەنگۆی دیاریکردنی عەبدولڕەزا مەسکەریان، فەرماندەی باڵای قەرارگای رەمەزانی سەر بە فەیلەقی قودس وەک باڵیۆزی نوێی ئێران لە بەغدا.
لە کۆتاییدا، تسورکۆڤ درێژکردنەوەی وادەی چەکداماڵینی میلیشیاکان تاوەکو حوزەیرانی 2027 بە "بەتەواوی ناواقیعی" وەسف دەکات و دەڵێت: "وا بیر دەکەمەوە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە راستەقینە نابێت." بە بڕوای ئەو، پێوەری سەرکەوتن زۆر سادەیە: یان دەوڵەت لەوێیە و خەڵک دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، یان نا. نایتسیش هاوڕایە کە رەنگە بەغدا بگاتە رێککەوتنێک بێ ئەوەی گرووپەکە لاواز بکات، هەرچەندە هیوای خواست ئەمە ببێتە یەکەم هەنگاو بەرەو گۆڕانکاریی گەورەتر.


