رووداو دیجیتاڵ
لە هۆڵی دادگەی تاوانەکانی کەرخ لە بەغدا، بێدەنگییەکی قورس باڵی بەسەر ژوورەکەدا کێشابوو کاتێک شاشەیەکی نێو هۆڵەکە کەوتە کار. لەسەر شاشەکە، گەنجێک کە کلاشینکۆفێکی بەدەستەوەبوو و بە جلوبەرگی رەشی داعشەوە دەرکەوت، لە تەنیشت دوو چەکداری دیکەوە بە زمانێکی فەرەنسیی تووند پەنجەی هەڕەشەی بۆ پاریس و وڵاتانی ئەورووپا رادەوەشاند، بەڵام لە تەختی تۆمەتبارانی بەردەم دادوەردا، هەمان ئەو گەنجە بە جلی پرتەقاڵیی زیندان و گۆرەوییەکی ئەستوورەوە سەری شۆڕ کردبووەوە، چاوەکانی بڕیبووە زەوییەکە و بۆ تەنیا چرکەیەکیش سەیری شاشەکەی نەکرد.
ئەمە دیمەنی نێو دانیشتنە درێژ و پڕ لە وردەکارییەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ی تشرینی دووەمی 2026ـی دادگەی تاوانەکانی کەرخ بوو، کە تایبەت بوو بە دادگەییکردنی 15 هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسا بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخراوی داعش دا. لەم دانیشتنەدا، کە بە ئامادەبوونی سێ دادوەر، داواکاری گشتی، دوو پارێزەری راسپێردراوی دادگە، دوو نوێنەر و وەرگێڕی باڵیۆزخانەی فەرەنسا، یاساناسان و رۆژنامەڤانان بەڕێوەچوو، دادگە سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر شەش کەسدا سەپاند و بڕیاردان لە دۆسیەی ئەوانیدیکەی بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخست.
بە سزادانی ئەو شەش کەسە، کۆی گشتیی ئەو فەرەنسییانەی لە چوارچێوەی دۆسیەی گرووپە 47 کەسییەکەدا لە بەغدا سزادراون، گەیشتە 16 سزادراو.
"مێشکمان شۆراوەتەوە"
لە سەرجەم دانیشتنەکانی رۆژی چوارشەممە، کە هەریەکە لە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا و مالیک محەممەد، هەواڵساز لە دێسکی عێراقیی تۆڕی میدیایی رووداو تێیدا ئامادەبوون، تۆمەتبارەکان یەک بە یەک دەهێنرانە نێو هۆڵی دادگە، هەموویان جلی پرتەقاڵیی زیندان و گۆرەویی ئەستووریان لەپێدابوو، قژ و ریشیان شێواو بوو و ماندووێتیی زیندانیان بە رووخسارەوە دیاربوو. لەکاتی گوێگرتن لە 9 تۆمەتبارەکەی یەکەم، دادوەری سەرۆکی دانیشتنەکە بە روویەکی خۆشەوە و هەندێک جاریش بە خەندەوە پرسیاری لێدەکردن و قسەی لەگەڵ دەکردن.
بەڵام کەشەکە بە تەواوی گۆڕا ئەوکاتەی حوکمی شەش کەسەکەی دیکەی خوێندەوە. لەو بەشەی دانیشتنەکەدا، تووندی و رژدییەکی تەواو بە رووخسار و دەنگی دادوەرەوە دیاربوو، تەنانەت کاتێک هەندێک لە سزادراوان ویستیان قسە بکەن، رێگەیان پێنەدرا و یەک بە یەک لە هۆڵەکە برانە دەرەوە.
لە نێو گوتەی تۆمەتبارەکاندا، رستەیەک بەردەوام دووبارە دەبووەوە: "مێشکمان شووراوەتەوە و هەڵخەڵەتێندراوین."
چیرۆکی 9 تۆمەتبارەکە؛ لە درۆن دروستکردنەوە تاوەکو ژمارە مۆبایلە گوماناوییەکەی پاریس:
ئیبراهیم محەممەد خیاری؛ هەڕەشە لە فەرەنسا و پەشیمانی لە بەغدا
ئیبراهیم بە رەچەڵەک مەغریبییە و لە پاریس لەدایکبووە، هەڵگری وڵاتینامەی فەرەنسایە و لە لیستی سووری پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ)ـدایە بە تۆمەتی ئەوەی لە فەرەنساوە کچانی خوار تەمەن 18 ساڵی هانداوە بچنە سووریا. ساڵی 2013 چووەتە نێو بەرەی نوسرە و دواتر بووەتە چەکداری داعش.
بەرەی نوسرە لەساڵی 2011 وەک بەشێک لە رێکخراوی قاعیدە بە سەرۆکایەتی ئەبو محەممەد جۆلانی (ئەحمەد شەرعی ئێستا سەرۆکی سووریا) دامەزرا و لە ساڵی 2016 پەیوەندی لەگەڵ قاعیدە بڕی و بە ناوی (بەرەی فەتحی شام) درێژەی بە کاری خۆیدا و لە ساڵی 2017 لەگەڵ چەند گرووپێکی دیکەدا هەیئەی تەحریری شامی دروستکرد .
ئیبراهیم محەممەد خیاری، لە هۆڵی دادگەدا گوتی کە لە زمانی عەرەبی تێناگات . کاتێک دادوەر ڤیدیۆکەی شەدادی خستە سەر شاشە، کە تێیدا ئیبراهیم بە کلاشینکۆفەکەی دەستییەوە هەڕەشەی تووند دەکات و دەڵێت: "فەرەنسا، تۆ یەکەم وڵاتی کە رزگارت دەکەین لە کافر و بێباوەڕان.. ئێمە ئاگامان لەو فڕۆکانەیە کە دەیانێرنە سەر سەرمان لە سووریا و بۆردوومانمان دەکەن، تۆڵەتان لێدەکەینەوە"، هەروەها ستایشی محەممەد مەراحی ئەنجامدەری هێرشەکانی فەرەنسای دەکرد کە لە ساڵی 2013 هێرشی کردە سەر شوێنێکی گشتی لە پاریس و چەند کەسێکی کوشت .
ئیبراهیم بە دەنگێکی کز و بە چاوی پڕ لە پەشیمانییەوە گوتی: "ئەو ڤیدیۆیە بووە هۆکاری کێشە بۆ خێزانەکەم لە فەرەنسا و دایکیشم بە خەمی منەوە کۆچی دوایی کرد."
ئیبراهیم باسی لەوە کرد کە لە تەمەنی 20 ساڵی دا چووەتە سووریا. دوو ژنی بە ناوەکانی سارا و سوهام هێناوە و زاواکەیان (مەجید) "مێشکی شووشتووەتەوە"، کە تەنانەت خوشکەکەیشی ناچارکردووە بچێتە سووریا. دانی بەوە دانا کە لە رەققە و حەلەب لە بواری ئەمنی دا کاری کردووە، بەڵام رەتیکردەوە کچانی مێردمنداڵی هاندابێت و گوتیشی کە ئەو دوو چەکدارەش ناناسێت کە لە ڤیدیۆکەدا لە تەنیشتی بوون.
سەرئەنجام لەبەر ئاڵۆزیی دۆسیەکەی، دادوەر دانیشتنی حوکمدان لە دۆسیەی ئیبراهیمی بۆ 26ی تشرینی دووەم دواخست.
سیریل جان لۆپێز: عەرەبیم بیرچووەتەوە
سیریل بە رەچەڵەک فەرەنسییە و لە خێزانێکی کریستیان لە فەرەنسا لەدایکبووە. لە ساڵی 2004ـەوە سەرسام بووە بە بیری قاعیدە و وەهابییەکان، لە ساڵی 2009ـەوە لە میسر زمانی عەرەبیی خوێندووە و سەرقاڵی خوێندنەوەی کتێبەکانی وەک ساڵح فەوزان، ئیبن عوسەیمین و ئیبن تەیمییە بووە، کە زانای دیاری ئیسلامین.
کاتێک هاتە بەردەم دادوەر و داوای وەرگێڕی کرد، دادوەر بە پێکەنینەوە لێی پرسی: "سیریل، تۆ لە دانیشتنی پێشوودا بە باشی بە عەرەبیی پاراو (فوسحا) قسەت دەکرد، ئێستا بۆ لە عێراق دا عەرەبیت بیرچووەتەوە؟"، سیریل بە کورتی وەڵامی دایەوە: "عەرەبییەکەم باش نییە."
سیریل کە نازناوی (ئەبو یاسین فەرەنسی) بووە، ساڵی 2015 چووەتە سووریا و بە مووچەی مانگانەی 100 دۆلار لە بەشی میکانیکی کارگەیەکی بەرهەمهێنانی درۆنی چاودێری و جەنگیی داعش دا کاری کردووە. داواکاری گشتی داوای سزادانی بەپێی مادەی چواری تیرۆر کرد بەهۆی ئەوەی ئەو درۆنانە بۆمبایان هەڵگرتووە و خەڵکیان پێ کوژراوە، بەڵام پارێزەرە راسپێردراوەکەی گوتی کە بەوپێیەی سیریل تەنیا لە درۆنی چاودێریدا کاری کردووە و لە عێراق تاوانی نەکردووە، بۆیە داوای رادەستکردنەوەی بە فەرەنسا کرد. سیریل بە کزییەوە گوتی: "من تاوانبارم، بەڵام زۆر پەشیمانم". دادوەر بڕیاردان لە دۆسیەکەی ئەویشی بۆ 26ی مانگ دواخست.
دۆمینیکۆ جیوبێرتی؛ پەیوەندیی گوماناوی بە تۆمەتبارانی هێرشەکانی فەرەنساوە
دۆمینیکۆ بە رەچەڵەک ئیتاڵییە و لە خێزانێکی کریستیان گەورە بووە، پێشتر لە فەرەنسا مادەی هۆشبەری بەکارهێناوە و ساڵی 2011 موسڵمان بووە. ساڵی 2014 لە ئیتاڵیاوە چووەتە ئەسینا و لەوێوە بۆ تورکیا و سووریا. بەیعەتی بە ئەبوبەکر بەغدادی داوە و بە مووچەی 175 دۆلار لە بازگەکانی پشکنینی ئۆتۆمبێل کاری کردووە.
تۆمەتی هەرە قورسی سەر دۆمینیکۆ پەیوەندیی بە ژمارە مۆبایلێکەوە بوو، دادوەر و داواکاری گشتی بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە هەواڵگرییەکان، رووبەڕووی ئەوەیان کردەوە کە ئەو بە ژمارە مۆبایلێکەوە دەستگیرکراوە کە پێشتر لەلایەن عەبدولحەمید ئەباعودەوە (ئەندازیاری هێرشە تیرۆریستییەکانی پێش ساڵی 2015 فەرەنسا) بەکارهێنراوە و چەند رۆژێک بەر لەوە بۆ "چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی" لە فەرەنسا کاری پێکراوە. دۆمینیکۆ نکۆڵیی کرد و گوتی ئەو ژمارەیەی لەلا نەبووە، بەڵام لە قسەی کۆتاییدا گوتی: "هەڵەیەکی گەورەم لە ژیانمدا کرد و کچەکەم لە فەرەنسا جێهێشتووە، زۆر بیری دەکەم". پارێزەرەکەی داوای بەزەیی لە دادوەر کرد و دانیشتنەکەی بۆ 26ی تشرینی دووەم دواخرا.
رەبیع محەممەد؛ برینپێچەکەی داعش
رەبیع محەممەد بلقاسم، لەدایکبووی ساڵی 1989یە و بە رەچەڵەک جەزائیرییە. لە فەرەنسا خاوەنی بڕوانامەی برینپێچی و کۆمپانیایەکی تایبەت بە ئینتەرنێت بووە. ساڵی 2015 لە تورکیاوە چووەتە سووریا و بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بە مووچەی مانگانەی 135 دۆلار وەکو برینپێچ لە ناوەندێکی تەندروستیی داعش کاری کردووە.
لە بەردەم دادوەردا دانی بە تاوانەکانی دانا و گوتی: "جەنابی دادوەر، لە دەرەوە داعشم بە جۆرێکی دیکە دەبینی، بەوجۆرەی ریکلامی بۆ دەکرا، بەڵام کە چوومە ناویەوە بەوجۆرە نەبوو". کاتێک دادوەر پرسیاری لێکرد بۆچی زووتر وازی نەهێناوە، گوتی: "چوونە نێو داعش ئاسان بوو، بەڵام هاتنە دەرەوە زۆر ئەستەم بوو."
رەبیع هەروەها داوای لێبووردنی لە هەموو قوربانیانی دەستی داعش کرد. پارێزەرەکەیشی بە هەمان شێوە داوای گەڕاندنەوەی بۆ فەرەنسا کرد و دواتر دانیشتنەکەی بۆ 26ی مانگ دواخرا.
ئەبو قودامە؛ تۆمەتبارکردنی دادوەری لێکۆڵەر
ئەکیم ئۆسین، ناسراو بە ئەبو قودامە، بە رەچەڵەک جەزائیرییە و لە پاریس لەدایکبووە، لە میسر عەرەبیی خوێندووە. بە پێچەوانەی ئەوانیدیکەوە، گوتی ساڵی 2013 بۆ پشتیوانیکردن لە خەڵکی سووریا دژی رژێمی بەشار ئەسەد چووەتە نێو دەستەی (ئەحرارولشام)، بەڵام دواتر دوای دروستبوونی رێکخراوی داعش، بە رێککەوتنێکی نێوان ئەحرارولشام و رێکخراوەکە، چەکدارە بیانییەکان رەوانەی نێو داعش کراون و ئەویش لە کۆگا سەربازییەکانی حەلەب کاری بۆ داعش کردووە.
ئەکیم گوتی لە ساڵی 2016 "بە بیر و باوەڕ داعشی بەجێهێشتووە" و بەیعەتی بە بەغدادی نەداوە. لە هەنگاوێکی سەرنجڕاکێشدا لە نێو دادگەدا، ئەکیم دادوەری لێکۆڵینەوەی تۆمەتبار کرد بەوەی گوایە گوتەی زیاتری بۆ گوتەکەی زیاد کردووە و پێیگوتووە: "دۆسیەکەت زۆر خاوێنە، دەبێت دەستکاری بکرێت تاوەکو سزات بدەین"، بەڵام دادوەری دادگەییکردنەکە دەستبەجێ وەڵامی دایەوە کە هیچ بەڵگەیەکی بۆ ئەو قسەیە نییە و گوتەکانی دژبەیەکن لەگەڵ گوتەکانی پێشوویدا. لەکۆتاییدا و دوای مشتومڕێکی کورت، بڕیاردان لە دۆسیەی ئەکیمیش بۆ 26ی مانگ دواخرا.
یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارەکان، ئەنەس سلێمان، لەدایکبووی 1997، بە رەچەڵەک جیبۆتی و لەدایکبووی فەرەنسا بوو. ئەنەس لە ساڵی 2013 چووەتە سووریا و پەیوەندی بە ریزەکانی (بەرەی نوسرە)وە کردووە و دواتر چووەتە نێو داعش. ئەنەس سلێمان دوو ژنی هێناوە و مووچەکەی لەنێو داعش دا مانگانە 50 دۆلار بووە.
ئەنەس ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی 2016 ویستوویەتی رابکات، بەڵام دەستگیرکراوەتەوە و لەساڵی 2019 لەلایەن هەسەدەوە دەستگیرکراوە. بڕیاردان لەبارەی ئەنەسیش بەهەمان شێوە بۆ 26ی مانگ دواخرا.
ئیبراهیم خەلیل پەشیمانی دەربڕی
ئیبراهیم خەلیل، لەدایکبووی 2000 و بە رەچەڵەک مەغریبی، یەکێکی دیکە بوو لە تۆمەتبارەکان. ئیبراهیم گەنجێکی سپی پێست و ریش تەنک بوو؛ ساڵی 2014 چووەتە نێو داعش و ساڵی 2016 لەلایەن هەسەدەوە دەستگیرکراوە و، دوای هێرشی هێزەکانی حکومەتی سووریا بۆ سەر هەسەدە لەگەڵ ژمارەیەک لە دیلەکانی داعش لەلای هەسەدە، لەلایەن ئەمریکاوە گوێزرانەوە بۆ عێراق .
دوای پێشاندانی بەشێک لە بەڵگەکان و دەربڕینی پەشیمانی، دانیشتنی بڕیاردان لە بارەی ئیبراهیمەوە بۆ 26ی مانگ دواخرا.
دۆسیەی ئەبوبەکر و عومەر دواخرا
ئەبوبەکر محەممەد و عومەر ئەمین؛ هەردووکیان پێکەوە بانگکرانە ژوورەوە، بەڵام دادوەر بە ماندووییەوە پێیگوتن: "بەڕاستی ئێمە هیلاک بووین و وەرگێڕەکانیشمان هیلاک بوون، دانیشتنەکەتان بۆ 26ی 11 دواخراوە". کاتێک یەکێکیان ویستی قسە بکات، دادوەر نەیهێشت و دووپاتی کردەوە کە ماندوو بووە و ناتوانێت دادگەییان بکات.
سزای زیندانی هەتاهەتایی بۆ شەش چەکدار
لە دوایین بەشی دانیشتنەکەدا، کەشوهەوای دادگە بۆ دەرکردنی بڕیارەکان گۆڕا. هەمووان لە هۆڵەکەدا هەستانە سەرپێ و شەش تۆمەتبارەکە یەک بە یەک بۆ خوێندنەوەی حوکمەکانیان هێنرانە ژوورەوە.
دادوەر بە پشتبەستن بە بەڵگە یەکلاییکەرەوەکان، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر هەریەک لەمانەدا سەپاند:
ـ نەجیب فاتمی
ـ نوورەدین عەبدولقادر
ـ تۆماس کیم (بە رەچەڵەک فەرەنسی)
ـ عەبدۆ موراد
ـ جۆفری ئێف مارسیل
ـ عەبدولقادر فیلیپ
یەکسەر دوای خوێندنەوەی سزاکە، نەجیب فاتمی بە دەنگی بەرز بە دادوەری گوت: "جەنابی دادوەر، من دەمەوێت سزاکەم لە فەرەنسا یان لە جەزائیر تەواو بکەم". دادوەر بە کورتی وەڵامی دایەوە: "ئەو رێکارە هەڵگرە بۆ دواتر، ئەوە کاری حکومەتە کە ئەو کارە بکات."
تۆمەتبارەکانی دیکەش دوای خوێندنەوەی سزاکانیان بە رووخسارێکی زۆر خەمبارەوە دەردەکەوتن، تەنیا عەبدولقادر فلیپ نەبێت کە تووڕەییەکی زۆر لە رووخساریدا بەدی دەکرا.
دوای خوێندنەوەی سزای شەش کەسەکە، دوو نوێنەرەکەی باڵیۆزخانەی فەرەنساش بە رووخسارێکی تێکەڵ لە ناڕەزایی و خەمباری هۆڵەکەیان بەجێهێش، ئینجا دیار نەبوو لە رەفتاری ئەم هاووڵاتیانەیان خەفەتبار بوون یان لە ئەنجامەکانی دادگا.
ئەم 15 تۆمەتبارە بەشێکن لەو گرووپە 47 کەسییەی هەڵگرانی وڵاتینامەی فەرەنسا کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان دەستگیرکرابوون و لە ئەیلوولی 2025ـدا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە رادەستی حکومەتی عێراق کران .
هەرچەندە هەموویان وڵاتینامەی فەرەنسایان هەیە، بەڵام تەنیا ژمارەیەکی زۆر کەمیان بە رەچەڵەک فەرەنسین.


