رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای دیالە لەکاتی راوەدوونانی داواکراوێک سێ منداڵ کوژران و پێنج کەسی دیکە برینداربوون و وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دا. لەسەر رووداوەکە ئەفسەرێک و 10 پۆلیس دەستبەرکراون.
عەمید هەیسەم سەلمان شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دیالە ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە روویداوە، هێزێکی ئەمنی لە بەغداوە هاتوون بۆ دەستگیرکردنی داواکارێک، پێکدادان دروست بووە و لە ئەنجامدا سێ منداڵ کوژران و پێنج کەسی دیکە بریندار بوو.
رووداوەکە لە ناحیەی دارولسەلام لە ناوچەی "رەکەت حاج سوهەیل" لە پارێزگای دیالە روویداوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆی عێراق فەرمانی کردووە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرپەرشتیی ژمارەیەک ئەفسەری پلەباڵا، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەو رووداوی تەقەکردنە کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی دەستگیرکردنی داواکراوێکدا بەپێی ماددەی 406ـی یاسای سزادان.
وەزارەتی ناوخۆی ئاماژەی بەوەکردووە، داواکراوەکە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە، بەڵام پابەندی فەرمانی بازگەکە نەبووە و هەڵاتووە، ئەمەش وایکردووە هێزە ئەمنییەکە تەقە بکەن و لە ئەنجامدا سێ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و پێنج منداڵی دیکەش برینداربوون، کە بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانەن."
هێزە ئەمنییەکە داواکراوەکەیان دەستگیرکرد، هاوکات بڕیاریش درا بە دەستبەسەرکردنی ئەفسەرێک و 10 کارمەندی ئەو هێزە و گرتنەبەری رێکاری یاسایی و لێکۆڵینەوەی پێویست بەرامبەریان.



