هێزە ئەمنییەکانی عێراق رۆژی شەممە، عەلی حوسێن عەباسی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەفیان بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی نەوت دەستگیرکرد.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی عێراقی، هێزە ئەمنییەکان بەپێی فەرمانێکی دەستگیرکردن، عەلی حوسێن عەباسی و برایەکیان بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی نەوت لە نەجەف دەستگیرکردووە و رادەستی لایەنی فەرمیی داواکار کراوە.
پێشتر و هەر رۆژی شەممە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق رایگەیاند، رێکاری یاساییان بەرامبەر ژمارەیەک تۆمەتبار بە بەقاچاخبردنی نەوت لە نەجەف گرتووەتەبەر.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمەکانی، دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند سەردانی مەیدانیی شوێنی دەستدرێژیکردنە سەر بۆرییەکی نەوتی لە نەجەف کردووە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو پارچە زەوییەی بۆرییەکەی تێدایە، موڵکی ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەجەفە کە سەرۆکی لیژنەی وزەیە، لەگەڵ براکەی.
دادگەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی دۆسیەکە و دیاریکردنی بەرپرسیارێتییە یاساییەکان بەردەوامن، تاوەکو بەپێی یاسا رێکار بەرامبەر هەر کەسێک بگیرێتەبەر کە تێوەگلاوە، ئەوەش لەپێناو پاراستنی سامانی نیشتمانی و دارایی گشتیدا.
بەپێی راگەیێندراوەکە، دادوەری تایبەتمەند ئاماژەی بەوە داوە کە ئەنجامی پشکنین و لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە لە رێگەی ئەو بۆرییەوە نەوت بە قاچاخ براوە. لەسەر ئەو بنەمایەش دادگە بڕیاری داوە پێنج ئەفسەر و سێ کارمەندی پۆلیسی وزە رابگیرێن، دوای ئەوەی لە گوتەکانیاندا ئاماژە بە دەستوەردانی ئەو دوو کەسە (ئەندامەکەی ئەنجوومەن و براکەی) کراوە، هاوکات فەرمانی دەستگیرکردنیش بۆ هەردووکیان دەرکراوە.
لێکۆڵینەوەکان ئەوەشیان دەرخستووە کە ئەو دوو تۆمەتبارە پێشتر خەندەقێکیان بە چواردەوری زەوییەکەدا هەڵکەندووە، بۆ ئەوەی رێگری لە چوونەژوورەوەی خەڵک بکەن و کەس ئاگاداری ئەو کردانەیان نەبێت لەو ناوە.
سەبارەت بەو زانیارییانەشی لە ناوچەکەدا بڵاوبوونەتەوە لەبارەی ئەگەری هەبوونی کردەی دیکەی نایاسایی، لەنێویاندا بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر، دادوەرەکە روونیکردووەتەوە کە ئەو بابەتە هێشتا لە قۆناخی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەدایە.



