رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، بە تۆمەتی تێوەگلان لە بەقاچاخبردنی نەوتی خاو لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان پارێزگاکانی زیقار و بەسرە، فەرمانی راگرتن بۆ ژمارەیەک کارمەندی پۆلیسی وزە و تۆمەتبارێکی دیکە دەرکراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی راگەیاندنی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی تاوانەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و بەرهەمەکانی، دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند لە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی زیقار، پشکنینی مەیدانی بۆ شوێنی زێدەڕۆییکردنە سەر یەکێک لە بۆرییە نەوتییەکان لە ناوچەی سنووریی نێوان پارێزگاکانی زیقار و بەسرە کرد.
دادوەرە تایبەتمەندەکە ئاماژەی بەوە کردووە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە لە رێگەی ئەو بۆرییەوە نەوتی خاو بە قاچاخ براوە، لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیاردراوە بە راگرتنی یەکێک لە تۆمەتبارانی دۆسیەکە، لەگەڵ راگرتنی ژمارەیەک کارمەندی پۆلیسی وزە کە ئەرکیان پاراستنی بۆرییەکە بووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لێکۆڵینەوەکان گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە گرووپێک بە شێوازێکی رێکخراو بەقاچاخبردنی نەوتی خاویان ئەنجامداوە و ئەرک و رۆڵەکان لەنێوان ئەندامانی گرووپەکەدا دابەشکراون، بە شێوەیەک تانکەرەکان لە شوێنی کونکردنی بۆرییەکەوە پڕ کراون لە نەوت و دواتر رادەستی کەسانی دیکە کراون بۆ ئەوەی نەوتەکە ببەن بۆ ژمارەیەک پارێزگا.
دادگەی تێهەڵچوونەوەی زیقار دەڵێ، لێکۆڵینەوەکان بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی زیقار بەردەوامن، بە مەبەستی ئاشکراکردنی تەواوی وردەکارییەکان و گرتنەبەری رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک کە تێوەگلانی بسەلمێندرێت.


