رووداو دیجیتاڵ
چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان، پشتیوانیی خۆی بۆ بڕیارەکانی حکومەتەکەی عەلی زەیدی لەبارەی "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و قاچاخچێتیی نەوت" رادەگەیێنێت و دەڵێ، دەبێت کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن چارەسەر بکرێن.
رۆژی سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026، فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، بە پشتبەستن بە مادەی 27ی دەستووری عێراق کە سامانی گشتی بە پیرۆز دەزانێت، چوارچێوەکە پشتیوانی لە رێکار و بڕیارەکانی حکومەتی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، رێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت، پاراستنی سامانی نیشتمانی و چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەریی یاسا.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەو هەنگاوانە بە "وەرچەرخانێکی گرنگ" دادەنێت لە رێڕۆی پاراستنی سامانی گشتی و لێپرسینەوە لە کەمتەرخەم و تێوەگلاوان، هاوکات پێداگری دەکات لەسەر تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لە رێگەی لایەنە دادوەری و چاودێرییە تایبەتمەندەکانەوە و گەرەنتیکردنی ئەوەی هیچ لایەن و کەسایەتییەک لە لێپرسینەوە دەربازی نەبێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "جەخت لە گرنگیی رێکخستنەوەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە سرووشتییەکان و دەروازە سنوورییەکان دەکەینەوە بەگوێرەی دەستوور و یاسا بەرکارەکان، هەروەها چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان لە رێگەی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەوە، بە شێوەیەک کە مافە دەستوورییەکان بپارێزێت و یەکڕیزیی بڕیاری نیشتمانی مسۆگەر بکات."
چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوا لە سەرجەم هێزە سیاسی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکات، پشتگیریی هەوڵەکانی حکومەت بکەن و بەرژەوەندیی نیشتمانی بخەنە پێش هەموو شتێکەوە. دەشڵێت: "پاراستنی سامانی عێراق بەرپرسیارێتییەکی دەستووری و نیشتمانیی هاوبەشە و سامان و تواناکانی عێراقییەکان هێڵی سوورن و سازشیان لەسەر ناکرێت."



