رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی عێراق فەرمان بە یەکەکانی سوپا لەنێو شارەکان دەکات خۆیان بۆ چۆڵکردنی بنکە و بارەگاکانیان ئامادە بکەن، تاوەکو دۆسیەی ئەمنی رادەستی هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بکرێت.
رۆژی سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026 نایف شەمەری، وەزیری بەرگریی عێراق فەرمانی بە سوپای عێراق کرد خۆیان بۆ چۆڵکردنی شوێنەکانیان ئامادە بکەن. ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەکە بۆ رادەستکردنی بەرپرسیارێتیی ئەمنی بە پێکهاتەکانی وەزارەتی ناوخۆ، ئەویش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئامانج لەو فەرمانە گەرەنتیکردنی گواستنەوەی ئەرکەکانە بە شێوەیەکی رێکوپێک و بەردەوامیدانە بە پاراستنی هاووڵاتییان. هاوکات وەزیری بەرگری عێراق فەرمانی کردووە بە چڕکردنەوەی پرۆگرامەکانی مەشق و راهێنان بۆ بەرزکردنەوەی توانای جەنگیی هێزە سەربازییەکان.
نایف شەمەری جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت هێزەکانی سوپا سەرنجیان لەسەر ئەرکە سەرەکییە سەربازییەکانیان بێت، کە خۆی لە بەرگریکردن لە نیشتمان، پاراستنی سەروەری و دابینکردنی ئاسایشی سنوورەکاندا دەبینێتەوە.



