رووداو دیجیتاڵ
فایەق زێدان رایدەگەیێنێت، ناکۆکیی نێوان هەولێر و بەغدا لە لێکدانەوەی دەقەکانی دەستووردا پەیوەستە بە دادگەی فیدراڵیی عێراقەوە.
فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ناکۆکیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر لێکدانەوەی دەقەکانی دەستوور، پەیوەستە بە دادگەی باڵای فیدراڵییەوە بەپێی ماددەی 93یەم/ دووەم لە دەستوور، کە هەمووان چ لە حکومەتی فیدراڵی یان حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە گرنگیی پابەندبوون پێیەوە دەکەنەوە".
هەر ئەمڕۆ، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر داوای سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری لێکدانەوەی ژمارە (268/فیدراڵی/2026)ـی بۆ ژمارەیەک ماددەی دەستوور دەرکرد و تێیدا جەختی کردەوە، دابەشکردنی دەسەڵاتەکان لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان نابێت ببێتە هۆی لەتبوونی دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانی حکومەتی فیدراڵی.
بەگوێرەی بڕیارەکە، کە بە زۆرینەی دەنگ و ناڕەزایەتیی دوو ئەندامی دادگاکە دەرچووە، حەوت خاڵی سەرەکی لەبارەی دەسەڵاتەکانی بەغدا بەسەر هەرێمی کوردستاندا یەکلایی کراونەتەوە:
یەکەم: پاراستنی سنوورەکان پاراستن و بەرگریکردن لە سنوورە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لە دەسەڵاتە تایبەتمەندەکانی حکومەتی فیدراڵییە؛ حکومەتی عێراق مافی هەیە هێزە چەکدارە فیدراڵییەکان بڵاوبکاتەوە و رێکاری پێویست بگرێتەبەر بۆ پاراستنی تەواوی سنوورەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بەو سنوورانەشەوە کە دەکەونە ناو ئەو خاکەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێت.
دووەم: دەروازە سنوورییەکان دەسەڵاتە فیدراڵییەکان مافی سەرپەرشتیکردن، چاودێری و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی عێراقیان هەیە، بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، بە لەبەرچاوگرتنی بەڕێوەبردنی گومرگەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سێیەم: بەئەلیکترۆنیکردنی گومرگەکان دامەزراندنی سیستمێکی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنووری و گومرگەکان و بەستنەوەیان بە وەزارەتە فیدراڵییەکانەوە لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدایە.
چوارەم: نەوت و گاز بەڕێوەبردنی نەوت و گازی دەرهێنراو لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانەوە دەبێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق و دەستە چاودێرییە فیدراڵییەکان مافی سەرپەرشتیکردن، چاودێری و وردبینییان هەیە لەسەر کێڵگە، پرۆسە و گرێبەستەکانی بەرهەمهێنان، دەرهێنان، بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی نەوت و گاز.
پێنجەم: داهاتە نانەوتییەکان حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی داڕشتنی سیاسەتی دارایی و گومرگی، دیاریکردنی پێناسی گومرگیی یەکگرتوو، سەرپەرشتیکردن، وردبینی و گەڕاندنەوەی داهاتە گشتییەکانی باج، رسوومات و داهاتە نانەوتییەکانی هەیە لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
شەشەم: سنووری جوگرافیی دەسەڵاتەکانی هەرێم سنووری جوگرافیی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ماددەی (53/أ)ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت و ماددەی (143)ـی دەستوور دیاری دەکرێت، کە ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە تاوەکو رۆژی 19ی ئاداری 2003 لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر، سلێمانی، کەرکووک، دیالە و نەینەوا بەڕێوەدەبران. دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت درێژ ببێتەوە بۆ دەرەوەی ئەو سنوورە، بە لەبەرچاوگرتنی بڕگە دەستوورییەکانی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان (ماددەی 140).
حەوتەم: ناوچەکانی دەرەوەی سنووری هەرێم بەڕێوەبردن و پیادەکردنی دەسەڵاتە دەستووری، کارگێڕی و جێبەجێکارییەکان لەو ناوچانەی دەکەونە دەرەوەی سنووری جوگرافیی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان، تەنها لە ئەستۆی دەسەڵاتە فیدراڵییەکاندایە؛ پیادەکردنی دەسەڵاتی کارگێڕیی دیفاکتۆ (واقیعی) لەلایەن هەرێمەوە لە دەرەوەی ئەو سنوورە، هیچ ماف و دەسەڵاتێکی دەستووریی بۆ دروست ناکات.
دادگەی باڵای فیدراڵی لە کۆتایی بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم بڕیارە بنبڕە و سەرجەم دەسەڵاتەکان پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی.



