رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە، لەگەڵ لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا لەسەر پێکهێنانی (شانەی قەیرانی هاوبەش) بۆ رێگری لە "قاچاخیی نەوت" و خێراکردنی پەسندکردنی یاسای نەوت و گاز رێککەوتن.
نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە، رۆژی چوارشەممە (25ی تشرینی دووەمی 2026) رایگەیاند: "کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان موحسین مەندەلاوی و لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی هەرێم کەمال ئاغا بەڕێوەچوو، هەردوولا رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی شانەیەکی (قەیرانی تەواوکاری) کە نوێنەرانی حکومەت و پەرلەمان لەخۆدەگرێت".
ئەرکی سەرەکیی ئەم شانەیە بریتی دەبێت لە یەکخستنی بڕیارەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی کەرتی وزە، گرتنەبەری رێکاری تووند بۆ بنبڕکردنی قاچاخچێتیی نەوت و رێگریکردن لە هەر جۆرە بەهەدەردانێکی سامانی نیشتمانی.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پلانی گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و زیادکردنی بەرهەمهێنان کرا. موحسین مەندەلاوی گوتی: "پێویستە یاسای نەوت و گاز بە خێرایی پەسند بکرێت تاوەکو چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکان دابین بکرێت. هەروەها باس لە هەمەجۆرکردنی رێڕەوەکانی هەناردەی نەوت کرا بۆ دڵنیابوونەوە لە جێگیریی داهاتە داراییەکانی وڵات.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە لیژنەیەکی پەرلەمانین، بۆ بەدواداچوون لەبارەی تاڵانکردنی نەوت. لیژنەیەکی حکومیش هەیە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەواندا هەبوو، راپۆرتێکیان داوە لەبارەی کەرکووک، مووسڵ، عەین زالە، سوفەیە و سحێلا."
هەرێم کەمال ئاغا راشیگەیاند: "سەردانی موحسین مەندەلاویشمان کردووە و وەزارتی نەوت پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکان کرد و هەروەها گەنگەشەی دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کرا".
یاسای نەوت و گاز لە ساڵی 2005وە تاوەکو ئێستا پەسند نەکراوە.
یەکەم وێنەی رەشنووسى پرۆژەیاساى نەوت و گازى عێراق لە ساڵى 2007 لەلایەن حکومەتى فیدراڵیی عێراقەوە ئامادەکرا کە لە 43 مادە پێکهاتووە، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى نێوان بەغدا و هەولێر لە پەرلەمان پەسند نەکرا.
لەسەر بنچینەی ئەو پرۆژەیاسایە، دەبوو ئەنجوومەنى فیدراڵیى نەوت و گاز پێکبهێندرێ کە ئەرکى دیاریکردنى سیاسەتى نەوتى دەبێت لە عێراق کە هەرێمى کوردستان نوێنەرێکى بە پلەى وەزیر تێدا دەبێت.
دواتر لە ساڵى 2011 پرۆژەیاسایەکى دیکەی ئەو بوارە لە پەرلەمانى عێراق گەڵاڵە کرا کە لە 49 مادە پێکهاتبوو، بێ ئەوەى ئەو پرۆژەیاسایەش تاوتوێ بکرێ.



