رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی غانا بە فەرمی ناڕەزایەتیی خۆی گەیاندە دەسەڵاتدارانی عێراق و تاوتوێی راگرتنی ناردنی کرێکارانی بۆ عێراق دەکات، ئەمەش دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بە شێوەیەکی بەربڵاو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوە کە تێیدا دەردەکەوێت خاوەنکارێک لە عێراق بە شێوەیەکی دڕندانە لە کچە کرێکارێکی غانی دەدات.
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت کە پیاوێک لە نێو ژوورێکدا بە تووندی هێرش دەکاتە سەر کچە کرێکارەکە؛ سەرەتا لە کاتێکدا کچەکە لەسەر قەنەفەیەک دانیشتووە و دەستەکانی بە سەرییەوە گرتووە بۆ پاراستنی خۆی، پیاوەکە چەندین زللـە و مست لە سەر و دەموچاوی دەدات، دواتریش بە زۆر هەڵیدەستێنێتەوە و بە شەق و زللـە راوی دەنێت و پاڵی پێوە دەنێت بە دیوارەکەوە، لە کاتێکدا کچەکە تەنیا بە زمانی ئینگلیزی دەڵێت "من گرنگی پێنادەم."
سام ئۆکودزێتۆ ئەبلاکوا، وەزیری دەرەوەی غانا لە راگەیێندراوێکدا لە ئێکس دۆزینەوەی کچەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "خۆشحاڵم رایبگەیێنم کە هاونیشتمانییەکەمان لەو ڤیدیۆ زۆر دڵتەزێنەی عێراقدا دۆزییەوە. دوێنێ لەگەڵ خێزانەکەیدا پێشوازیم لە ستێفانی نکرۆما کرد، کە ئەو خانمەیە لە ڤیدیۆ دڵتەزێنەکەدا رووبەڕووی دەستدرێژییەکی تووندوتیژ و نامرۆڤانەی خاوەنکارەکەی بووەوە."
بەگوێرەی گوتەی وەزیری دەرەوەی غانا، ستێفانی خۆشبەختانە توانیویەتی لە دەستی هێرشبەرەکانی هەڵبێت و پێشتر بە هاوکاریی خێزانەکەی گەڕاوەتەوە غانا و ئێستا لە ناوچەی کوماو لە هەرێمی ئاشانتی دەژین.
سام ئۆکودزێتۆ ئەبلاکوا ئاماژەی بەوەش کرد، بە وردی گوێیان لە چیرۆکی ئازارەکانی گرتووە و هانیان داوە وردەکاریی ئەو کەسانەی ئازاریان داوە و تۆڕەکانیان پێبدات، تاوەکو لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیاندا بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری سوودی لێ وەربگرن.
سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی بەرامبەر عێراق، وەزیری دەرەوەی غانا گوتی: "حکومەتی غانا بە فەرمی ناڕەزایەتیی خۆی گەیاندووەتە دەسەڵاتدارانی عێراق و داوای گرتنەبەری رێکاری گونجاو دەکات. هەروەها حکومەت بە جددی تاوتوێی دانانی بڕیارێکی کاتی دەکات بۆ راگرتنی ناردنی کرێکارانی ناوماڵ بۆ عێراق، چونکە پێناچێت ئەمە رووداوێکی تاکەکەسی بێت."
وەزیری دەرەوەی غانا جەختی کردەوە کە دوای پشکنینی پزیشکی بۆ ستێفانی، چاودێریی پزیشکیی بەپەلە و پشتیوانیی دەروونیی بێبەرامبەری بۆ دابین دەکەن. هەروەها بڕی 50 هەزار سێدی غانیـی (4،215 دۆلار) وەک هاوکاریی سەرەتایی پێبەخشیوە بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەیەکی بچووک و بەڵێنیشی پێداوە زەمالەی خوێندنی بۆ دابین بکات تاوەکو درێژە بە خوێندنەکەی بدات کە چەند ساڵێک لەمەوبەر پچڕابوو.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا وەزیری دەرەوەی غانا دووپاتی کردەوە: "هێرشکردنە سەر هەر غانییەک لە دەرەوەی وڵات، هێرشە بۆ سەر هەموومان و ستێفانی پشتیوانیی تەواوی ئێمەی هەیە لە گەڕان بەدوای دادپەروەری و قۆناخی چاکبوونەوەیدا."
تاوەکو نووسینی ئەم راپۆرتە حکومەتی عێراق هیچی لەبارەوە بڵاونەکردووەتەوە.



