رووداو دیجیتاڵ
ئاگرێکی گەورە لە باڵەخانەیەکی بازرگانیی سێ نهۆمی لە ناوچەی کازمییەی بەغدا کەوتەوە، لە ئەنجامدا کەسێک گیانی لەدەستدا. بەرگریی شارستانیی عێراق دەڵێت، 40 کەسیان رزگارکردووە و بەهۆی ناجێگیریی دۆخی تەندروستیی بەشێک لە بریندارەکانیشەوە، ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاماری قوربانییان هەیە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، نوئاس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کاژێر 10:30ـی شەوی رابردوو ئاگرێک لە باڵەخانەیەکی بازرگانیی سێ نهۆمیدا لە نزیک دەروازەی بابولموراد لە ناوچەی کازمییەی شاری بەغدا کەوتەوە."
نهۆمی یەکەمی باڵەخانەکە دووکان و شوێنی بازرگانی بووە، نهۆمی دووەم چێشتخانە و نهۆمی سێیەمیش تایبەت بووە بە فرۆشتنی جلوبەرگ. سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەرگریی شارستانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای چڕیی دووکەڵ و گازە ژەهراوییەکان، تیمەکانی رزگارکردن چوونەتە نێو باڵەخانەکەوە و توانیویانە 40 هاووڵاتی رزگار بکەن، کە لەنێو باڵەخانەکەدا گیریان خواردبوو، بەڵام کەسێک گیانی لەدەستداوە و بەشێک لەوانەی رەوانەی نەخۆشخانە کراون دۆخی تەندروستیان ناجێگیرە، بۆیە ئەگەری هەیە ژمارەی گیانلەدەستدان بەرز ببێتەوە.
بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە 15 تیمی پسپۆڕی ئاگرکوژێنەوە بە تەواوی کارمەند، ئامێرە تەکنیکییەکان و ئۆتۆمبێلی پەیژەی هایدرۆلیکیی بەرزەوە بەشداربوون تاوەکو لە بەشەکانی سەرەوەشەوە رووبەڕووی بڵێسەی ئاگرەکە ببنەوە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، نوئاس سەباح شاکر گوتی: "لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و پسپۆڕانی بەڵگەکانی تاوان هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە دیاری دەکەن."
ئەم ساڵ تاوەکو مانگی ئەیلوول(مانگی 9)، دوو هەزار و 557 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان) تۆمار کراون. نوئاس سەباح شاکر، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی عێراق گوتی :"ئەم ژمارەیەش بەراورد بە ساڵانی پێشوو دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە کە زیاتر لە 86%ـە."



