رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی روانگەی عێراقی سەوز رایدەگەیێنێت، دۆخی ژینگەی عێراق زۆر خراپە و هیچ پلانێکی حکومی بۆ چارەسەرکردنی نییە؛ ئاشکراشی دەکات کە ئاستی پیسبوونی هەوا لە هەندێک ناوچەی بەغدا و بەسرە هەشت هێندەی ستانداردی ئاسایی بەرزبووەتەوە و رۆژانە زیاتر لە شەش ملیۆن مەتر سێجا ئاوی زێراب دەکرێتە نێو رووبارەکانەوە. گوتەبێژی ئەمینداریەتیی بەغدا دەڵێ، رێکاری پێویست دەگرنەبەر و هیچ کارگەیەک بەبێ رەزامەندی وەزارەتی ژینگە ناکرێتەوە.
عومەر عەبدولـلەتیف، ئەندامی روانگەی عێراقی سەوز، رۆژی دووشەممە ( 23ی تشرینی دووەمی 2026) بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی دۆخی ژینگەی عێراق، ئامارەکانی پیسبوونی هەوا و ئاو، زیانە تەندروستی و ئابوورییەکان و بەراوردکاریی نێوان دۆخی ژینگەیی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراقی خستەڕوو.
دۆخی ژینگەی عێراق و نەبوونی پلانی حکومی
عومەر عەبدولـلەتیف رایگەیاند، دۆخی ژینگەی عێراق هێشتا "زۆر خراپە" و لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ هەنگاوێکیان بۆ باشترکردنی نەناوە، لە کاتێکدا پیسبوون زۆربەی ناوچەکانی عێراقی گرتووەتەوە.
سەبارەت بە هەبوونی پلانی حکومەت، ئەو ئەندامەی روانگەی عێراقی سەوز گوتی: "تاوەکو ئێستا هیچ پلانێک بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ژینگە نییە؛ بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە لە کارنامەی حکومەتدا هیچ بڕگەیەک باسی لە چاککردنی دۆخی ژینگە نەکردووە." ئاماژەی بەوەش کرد کە پرسی ژینگە لە کۆتایی لیستی گرنگیپێدانەکانی حکومەتی ناوەندیدایە.
ئامارە مەترسیدارەکانی پیسبوونی هەوا و ئاو
بەگوتەی عومەر عەبدولـلەتیف، ئاستی پیسبوونی هەوا لە عێراق گەیشتووەتە قۆناخێکی مەترسیدار و لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە دەگۆڕێت. لە بەغدا نزیکەی هەشت هەزار چالاکیی پیشەسازی هەن کە زۆربەیان سەرپێچیکاری ژینگەن. بەهۆی بوونی کارگەکانی خشت، قیر و چیمەنتۆ لە نزیک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی (بەسمایە) لە بەغدا، ئاستی پیسبوونی هەوا گەیشتووەتە 400 پلە (PM)، لە کاتێکدا ئاستی ئاسایی دەبێت 50 پلە بێت، واتە هەشت هێندەی ئاستی ئاسایی بەرزبووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە بەسرەش بەهۆی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە ئاستی پیسبوونی هەوا گەیشتووەتە هەمان رێژەی بەسمایە (400 پلە) و لە ناوچەکانی دیکەش لەنێوان 200 بۆ 300 پلەدایە.
"هیچ کارگەیەک بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی ژینگە مۆڵەتی کارکردنی پێنادرێت"
عەودەی جەندیل، گوتەبێژی ئەمینداریەتیی بەغدا، رۆژی دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمینداریەتیی بەغدا رێکاری پێویستی گرتووەتەبەر بۆ پاککردنەوەی هەوای شارەکە و رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کارگانە گرتووەتەبەر کە ژینگە پیس دەکەن. گوتیشی، ئەو کارگانەی ئێستا هۆکاری پیسبوونن، دەکەونە دەرەوەی سنووری ئەمینداریەتیی بەغدا. هیچ کارگەیەک بەبێ رەزامەندیی وەزارەتی ژینگە مۆڵەتی کارکردنی پێنادرێت.
لەبارەی پیسبوونی رووبارەکانەوە، ئەندامەکەی روانگەی عێراقی سەوز ئاشکرای کرد، بڕی هەشت ملیۆن مەتر سێجا ئاوی پیس و پاشماوە لە رووبارەکاندا هەیە و تەنیا یەک ملیۆن و 500 هەزار مەتر سێجای چارەسەر دەکرێت، بەمەش رۆژانە نزیکەی شەش ملیۆن و 500 هەزار مەتر سێجا ئاوی زێراب بەبێ چارەسەر دەڕژێتە نێو رووبارەکانی عێراقەوە.
روونیشیکردەوە، لایەنە حکومییەکانی وەک ئەمیندارێتیی بەغدا و وەزارەتەکانی تەندروستی، پیشەسازی، کارەبا و کشتوکاڵ بەرپرسن لە پیسبوونی ئاوی رووباری دیجلە، هاوکات خاکیش بەهۆی زبڵدانەکان، دزەکردنی شلەی پاشماوەکان، بارانی ترش و مەترسیی مین و تەقەمەنییەکانەوە پیس بووە.
هەر لەوبارەوە، گوتەبێژی ئەمینداریەتیی بەغدا ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ چارەسەرکردنی ئاوی ئاوەڕۆکان، دوو وێستگەی گرنگ لە رۆستەمییە و فازلییە کراونەتەوە، بڕیاریشە چەند وێستگەیەکی دیکەی بچووک دروست بکرێن بۆ پاککردنەوەی ئەو ئاوەی کە دەڕژێتە نێو رووباری دیجلە.



