کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

عێراق

تابلۆ گڵینەکانی ئورووک نهێنیی کارگێڕی و بازرگانیی یەکەمین شاری جیهان ئاشکرا دەکەن

هەکار عەلی

هەکار عەلی

28-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
هەکار عەلی
هەکار عەلی28-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

نووسینگەی عەلی زەیدی: ماکرۆن پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی چاکسازی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی
عێراق28-11-2026

نووسینگەی عەلی زەیدی: ماکرۆن پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی چاکسازی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی

شاندێکی باڵای عێراق بۆ پرسی دەروازە سنوورییەکان گەیشتە تاران
عێراق28-11-2026

شاندێکی باڵای عێراق بۆ پرسی دەروازە سنوورییەکان گەیشتە تاران

173 کەس و کۆمپانیا لە عێراق خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە
عێراق28-11-2026

173 کەس و کۆمپانیا لە عێراق خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە

رووداو دیجیتاڵ


شاری دێرینی (ئورووک) کە ئێستا بە ناوچەی شوێنەواریی (وەرکا) لە پارێزگای موسەننای باشووری عێراق ناسراوە، یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان و لە لایەن مێژوونووسانەوە بە یەکەمین شاری راستەقینەی مێژوو دادەنرێ. ئەم شارە کە پایتەختی سەرەکیی شارستانییەتی سۆمەری بوو، لە لووتکەی گەشەسەندنیدا لە دەوروبەری ساڵی 3100ـی پێش زایین گەورەترین ناوچەی شاریی جیهان بووە و سەرەتاییترین سیستمی نووسینیشی تێدا داهێنراوە.


ئورووک دەکەوێتە نزیکەی 39 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی شاری سەماوەی ئێستا؛ هەروەها 93 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای شاری دێرینی ئوور.


سەرهەڵدان و گەشەکردنی ئورووک


نیشتەجێبوون لە ئورووک دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ساڵی 5000ـی پێش زایین؛ شارەکە لە ئەنجامی یەکگرتنی دوو نیشتەجێگەی بچووکتر بە ناوەکانی (ئونوگ) و (کولابا) دروستبوو، کە دواتر بوونە دوو ناوچەی پەرستگایی سەرەکیی شارەکە.


لە دەوروبەری ساڵی 3100ـی پێش زایین، ئورووک گەیشتە لووتکەی گەشەسەندن. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە گەیشتە نزیکەی 50 هەزار کەس و لە دەوروبەریشیدا 80 بۆ 90 هەزار کەسی دیکە دەژیان، بەمەش بووە گەورەترین شار لە تەواوی جیهان لەو کاتەدا. لە ماوەی 800 ساڵی فراوانبوونی ئورووک (4000–3200 پ.ز)، ژیان لە گوندی بچووکی کشتوکاڵییەوە گۆڕا بۆ شارێکی گەورەی ئاڵۆز کە خاوەنی سیستمی کارگێڕی، سوپا و چینایەتیی کۆمەڵایەتی بوو.


پێکهاتەی شار، پەرستگاکان و "ڤێنیسی نێو بیابان"


ئورووک بە کۆمەڵگە پەرستگا گەورەکانی ناسراوە کە بە خشتی قوڕین دروستکراون و دابەشبوون بە سەر دوو ناوچەی سەرەکی؛ یەکەمیان ناوچەی (ئیانا) بوو کە تایبەت بوو بە خواوەند ئینانا، لە چەندین باڵەخانە و کارگە پێکهاتبوو و بە دیوار لە بەشەکانی دیکەی شار جیاکرابووەوە. دووەمیشیان ناوچەی (ئانو) بوو کە لەسەر سەکۆیەکی بەرز بونیات نرابوو و پەرستگایەک لە لووتکەکەیدا بوو.


بەشەکانی دیکەی شارەکە لە خانووی حەوشەدار پێکهاتبوون کە بە پێی پیشەی دانیشتووانەکەیان دابەشکرابوون. تۆڕێکی چڕی جۆگە و کەناڵی ئاو بە نێو شارەکەدا تێدەپەڕی بە جۆرێک شوێنەوارناسان بە "ڤێنیسی نێو بیابان" ناوی دەبەن؛ ئەم کەناڵانە شارەکەیان بە بازرگانیی دەریایی لە رێگەی رووباری فورات و زەوییە کشتوکاڵییەکانی دەوروبەرییەوە دەبەستەوە.


داهێنانی نووسینی بزماری و شۆڕش لە تۆمارکردنی بازرگانیدا


لە ئورووک سەرەتاییترین سیستمی نووسین لە مێژوودا داهێنرا کە نووسینی بزمارییە و لە رێگەی هەڵکۆڵینی نیشانەی بزمارییەوە لەسەر تابلۆی قوڕین لە لایەن نووسەر و پیاوانی ئایینییەوە دەنوسرا؛ هەروەها پارچە شوێنەواری گرنگی وەک "گوڵدانەکەی وەرکا" و "دەمامکی وەرکا" لەم شارەدا دۆزراونەتەوە.


وانگ شیانهوا، پرۆفیسۆر لە پەیمانگەی توێژینەوەی شارستانییەتی جیهانی لە زانکۆی شانگهای بۆ دارایی و ئابووری لە چین، لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر تابلۆ قوڕینەکانی ئورووک کردووە و دەڵێ، نزیکەی 90%ـی هەموو ئەو تابلۆیانەی تاوەکو ئێستا دۆزراونەتەوە، بەڵگەنامەی کارگێڕین و بەشێکیان پەیوەندییان بە ئابوورییەوە هەیە.


ئەو پرۆفیسۆرە چینییە باس لە تابلۆی ژمارە 107 دەکات و دەڵێ: "ئێستا دەتوانین بڵێین ئەم تابلۆیە جۆرێکە لە دەفتەری تۆماری ژمێریاری کە بەشەخۆراکی وشک، خواردنەوەیەک کە رەنگە بیرە بێت و میوەی وشککراوی تێدا تۆمار کراوە." دەشڵێ، ئەم تابلۆیە نیشانی دەدات کە چالاکیی ئابووری و کۆکردنەوەی سامان لە باشووری میزۆپۆتامیا پێویستییەکی راستەقینەی بە تۆمارکردن هەبووە.


تۆمارکردنی حساباتەکان لەسەر تابلۆ قوڕینەکان وایکرد رێککەوتنە بازرگانییەکان چی دیکە تەنیا پشت بە یادەوەری و متمانە نەبەستن، بەڵکو بەڵگەی فەرمی هەبێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان؛ ئەمەش بازرگانیی لە میزۆپۆتامیا بووژاندەوە و گەشەی شارەکانیشی خێراتر کرد.


مێژووی سیاسی، پاشاکان و ئەفسانەی گلگامێش


بە گوێرەی لیستی پاشاکانی سۆمەر، شاری ئورووک لە لایەن پاشا (ئێنمێرکار)ەوە دامەزرا کە پەرستگای "ماڵی ئاسمان"ـی بۆ خواوەند ئینانا دروستکرد؛ دواتریش پاڵەوانی ئەفسانەیی "گلگامێش" لە سەدەی 27ـی پێش زاییندا پاشای ئورووک بووە و شوورای دەوری شارەکەی بونیاد ناوە.


ئورووک لە مێژووی سیاسیی سۆمەردا هەژموونی بەسەر ناوچەکانی دەوروبەریدا هەبووە و تەنانەت کۆڵۆنیی لە باکووری میزۆپۆتامیا و سووریاش هەبووە. لەم شارەدا دەسەڵات بە شێوەیەکی پلەبەندی لە پەرستگاوە بۆ کۆشکی پاشایەتی گوێزرایەوە. پێنج بنەماڵەی پاشایەتی حوکمڕانیی ئورووکیان کردووە؛ لە سەردەمی بنەماڵەی یەکەمی ئورووکدا (2800–2600 پ.ز) کە بە "سەردەمی قارەمانێتی" ناسراوە، شارەکە باڵادەستی تەواوی سۆمەر بوو، پێش ئەوەی دواتر سەروەرییەکەی بۆ شاری ئوور لەدەست بدات.


دواتر و لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیمپراتۆریەتی ئەکەدی، ئورووک پێگەی یەکەمی خۆی لەدەستدا، بەڵام لە سەردەمی (ئیسن-لارسا) بۆ ماوەیەکی کورت سەربەخۆیی بەدەستهێنایەوە لە ژێر دەسەڵاتی پاشاکانی وەک سین-کاشید، سین-ئیریبام، سین-گامیل و ئیلوم-گامیل کە لە سەردەمی ئەودا پەرستگایەک بۆ خواوەند ئیشکور دروستکرا.


چۆڵبوونی شارەکە، هەڵکۆڵینەکان و لیستی یونسکۆ


ئورووک لە سەردەمەکانی ئاشووریی نوێ، بابلیی نوێ، هەخامەنشی، سلووکی و پارتییەکاندا وەک ناوچەیەکی ئاوەدان مایەوە، تاوەکو لە دەوروبەری فەتحی ئیسلامیدا لە نێوان ساڵانی 633 بۆ 638ـی زایینی بە تەواوی چۆڵکرا؛ گۆڕانی رێڕۆی رووباری فورات (کە وایکرد شارەکە لە باشووری رۆژئاوای رووبارەکەوە بکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی) و سوێربوونی زەوییەکان بەهۆی ئاودێرییەوە دوو هۆکاری سەرەکی بوون بۆ پوکانەوە و کۆتاییهاتنی شارەکە.


لە سەردەمی نوێدا، ویلیام کێنێت لۆفتوس لە ساڵی 1849 سەردانی شوێنەکەی کرد و لە نێوان ساڵانی 1850 بۆ 1854 یەکەمین هەڵکۆڵینی تێدا ئەنجامدا؛ دواتریش شوێنەوارناسە ئەڵمانییەکان لە ساڵی 1912ـەوە دەستیان بە هەڵکۆڵینی بەرفراوان کرد و هەزاران تابلۆی بزمارییان دۆزییەوە. ئێستاش تیمە ئەڵمانییەکان لە رێگەی هەڵکۆڵین و رووپێویی جیۆفیزیاییەوە بەردەوامن لە نەخشەکێشانی شارەکە، کە بەشێکە لە لیستی شوێنەوارە جیهانییەکانی یونسکۆ لە چوارچێوەی زۆنگاوەکانی باشووری عێراقدا و گەشتیاران لە سەماوە و ناوچەکانی دیکەوە سەردانی دەکەن.


بابەتی پەیوەندیدار

نووسینگەی عەلی زەیدی: ماکرۆن پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی چاکسازی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی
عێراق28-11-2026

نووسینگەی عەلی زەیدی: ماکرۆن پشتیوانی خۆی بۆ هەنگاوەکانی چاکسازی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەربڕی

شاندێکی باڵای عێراق بۆ پرسی دەروازە سنوورییەکان گەیشتە تاران
عێراق28-11-2026

شاندێکی باڵای عێراق بۆ پرسی دەروازە سنوورییەکان گەیشتە تاران

173 کەس و کۆمپانیا لە عێراق خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە
عێراق28-11-2026

173 کەس و کۆمپانیا لە عێراق خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە