رووداو-دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین داتا و تۆمارە فەرمییەکانی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، سەتان کەسایەتی، کۆمپانیای بازرگانی، بانک و گرووپی چەکداری پەیوەست بە عێراق خراونەتە نێو لیستی سزاکانەوە. ئەم لیستە فراوانە کە لە 95 لاپەڕەدا ناویان هاتووە، ئەو کەس و لایەنانە دەگرێتەوە کە بە تۆمەتی پەیوەندی بە تیرۆر، پاڵپشتیکردنی دارایی گرووپە چەکدارەکان، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ یان تێوەگلان لە بەرنامەکانی پەیوەست بە سەردەمی دەسەڵاتی پێشووی عێراق و هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا سزادراون.
بەشێکی زۆری سزادراوەکان خاوەنی وڵاتینامەی عێراقین، یان شوێن و ناونیشانی چالاکییەکانیان لە شارە جیاوازەکانی وەک بەغدا، بەسرە، نەجەف و کەربەلا تۆمار کراوە. لیستەکە ژمارەیەک کەسایەتی و دامەزراوەی بیانی و هەرێمیش لەخۆدەگرێ کە لە خاکی عێراقدا لق یان چالاکییان هەیە.
بە گوێرەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، لە رێگەی ئەم سزایانەوە واشنتن ئامانجیەتی رێگری لە گواستنەوەی دارایی نایاسایی، سپیکردنەوەی پارە و پشتیوانیکردنی ئەو تۆڕانە بکات کە هەڕەشە لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەکەن و مامەڵەکردن لەگەڵیان لە رووی نێودەوڵەتییەوە قەدەخە دەکات.
کەسانی سزادراو
لە تۆمارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا 87 کەسایەتیی ناویان هاتووە کە وڵاتینامەی عێراقییان هەیە، لە عێراق لەدایکبوون یان بە پاسپۆرت و ناسنامەی عێراقی و بەرپرسی پێشووی ئەو وڵاتە تۆمار کراون.
لەنێو ئەو کەسایەتییانەدا ناوی دیاری وەک دکتۆر ساهیر بورهان، سەمال مەجید فەرەج، لیوا مەکی مستەفا حەمودات، ئەبو مەهدی موهەندیس، قەیس خەزعەلی، فالح فەییاز، رەیان کلدانی، ئەحمەد جبووری، خەمیس خەنجەر، محەممەد سەعید سەحاف و ئومێد مەدحەت موبارەک دەبینرێن.
جگە لەمانە، ژمارەیەک کەسایەتیی دیکەش لە لیستەکەدان کە خاوەنی وڵاتینامەی ئێرانی، لوبنانی، بەریتانی، ئوسترالی یان رووسین، بەڵام ناونیشان و شوێنی چالاکییان لە عێراق تۆمار کراوە.
دیارترینی ئەو بیانییانەش بریتین لە ئیرەج مەسجیدی، عەلیرەزا فەداکار، سەید رەزا موسەویفەر، حەسەن سەبوورینەژاد، مەسعود شووشتەریپووستی، محەممەد جەلال مەئاب، وائیل قوستەنتین، سیدارتا دار، ئەبو محەممەد عەدنانی و مالیک روسلانۆڤیچ بارخانۆیڤ کە بەهۆی پەیوەندییان بە سوپای پاسداران، حیزبوڵڵا یان داعش سزادراون.
کۆمپانیا، بانک و لایەنە سزادراوەکان
بەشێکی دیکەی لیستی سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تایبەتە بە ناوەندە ئابووری، دارایی و چەکدارەکان، کە 31 کۆمپانیا، بانک و دامەزراوەی بازرگانیی عێراقی یان بنکە لە عێراق لەخۆدەگرێ.
دیارترین ئەو دامەزراوانە بریتین لە بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی بۆ وەبەرهێنان و دارایی، بانکی ئیسلامیی بیلاد، کۆمپانیای گشتی موهەندیس، هێڵی ئاسمانیی ناسر، کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی خالیدی، کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراوی زنجیرەی زێڕین، کۆمپانیای عەینل عێراق، کۆمپانیای بەڵێندەرایەتیی گشتی کەنداو، کۆمپانیای بلاک شیڵد و کۆمپانیای بازرگانیی واسل و بابل.
هاوکات، 11 گرووپ و رێکخراوی چەکدار و سیاسی لە لیستەکەدا هەن کە ناونیشان و چالاکییان لە عێراقە، لەوانە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کەتیبەکانی ئیمام عەلی، ئەنسار و لئیسلام.
سەرەڕای ئەمانە، 10 کۆمپانیا و دامەزراوەی بیانی و هەرێمی کە بنکەی سەرەکییان لە ئێران، لوبنان یان سووریایە بەڵام لقیان لە عێراق هەیە سزادراون، وەک بانکی میللی ئێران، هێڵی ئاسمانیی شام وینگس، دەزگای ئاوەدانکردنەوەی مەزارگە پیرۆزەکان لە عێراق و کۆمپانیای گلۆباڵ کلینەرز.
کۆمپانیا سزادراوەکانی پەیوەست بە کەرتی نەوت
لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا، کەرتی نەوت و وزە پانتاییەکی بەرچاوی لە سزاکاندا گرتووەتەوە و چوار کۆمپانیای دیار بەهۆی پەیوەندیی راستەوخۆیان بە چالاکییەکانی نەوت، گازی سرووشتی و بەرهەمە نەوتییەکانەوە خراونەتە ناو لیستە رەشەکەوە.
یەکەمیان کۆمپانیای خزمەتگوزاریی نەوتی کەنداوە (Gulf Energy Oil Services Limited) کە بنکەکەی لە بەغدایە و بە فەرمی لە بواری چالاکییەکانی پشتیوانی بۆ دەرهێنانی نەوت و گازی سرووشتیدا کار دەکات.
دووەمیان کۆمپانیای وزەی نێودەوڵەتیی عێراقە بۆ هاوردەکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان (Iraq International Energy)، کە ئەویش لە بەغدا تۆمار کراوە و سەرقاڵی هاوردەکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان و پشتیوانیی دەرهێنانی نەوت و گازە.
سێیەمیان کۆمپانیای تێرمیناڵی نەوتی ڤی ئێسە (VS Oil Terminal FZE) کە تێرمیناڵ و کۆگای نەوتی هەیە، لقی لە بەندەری خۆر زوبەیر لە بەسرە هەیە و لەژێر بەرنامەی سزاکانی تایبەت بە کەرتی وزەی ئێران سزادراوە.
چوارەمیشیان کۆمپانیای نەوتی بەهرانە (Behran Oil Co.) کە کۆمپانیایەکی نەوتیی ئێرانییە، لقی لە شاری بەسرەی عێراق هەیە و لەژێر بەرنامەی خراوەتە لیستی سزاکانەوە.



