رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەک، پارێزگاری واست بڕیاری دا بۆ ماوەی دوو رۆژ دەوامی قوتابخانەکان رابگرێت. وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش دەڵێ: "دۆخەکە ئاساییە، نەبووەتە پەتا و هیچ پاساوێک بۆ داخستنی قوتابخانەکان نییە."
رۆژی شەممە 28ی تشرینی دووەمی 2026، عەلی حەسەن سەلیمون، پارێزگاری واست بڕیاری دا رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە(29 و 30)ـی تشرینی دووەم، دەوامی قوتابخانەکان لە پارێزگاکە رابگرێت، ئەمەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک.
هاوکات وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە ئامارێکدا رایگەیاند: لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 361 تووشبووی نەخۆشییەکە و 15 حاڵەتی گیانلەدەستدان لە عێراق تۆمارکراون.
دوای بڕیارەکەی پارێزگاری واست، فەرمانگەی تەندروستیی گشتی لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق روونکردنەوەیەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و دایکان و باوکان کە پەتا لە پارێزگای واست هیچ بەرزبوونەوەیەکی نائاسایی بەخۆیەوە نەبینیوە و رێژەی تووشبوون لەو پارێزگایە لە چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق کەمترە و لە چوارچێوەی رێژەی سێ ساڵی رابردوودایە.
وەزارەتی تەندروستیی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "شاندێکی وەزارەت سەردانی واستی کردووە و دەرکەوتووە لە ماوەی یەک ساڵدا (نەک تەنیا دوو مانگی رابردوو) 371 حاڵەت لە پارێزگاکە تۆمارکراون، کە 161 حاڵەتیان لەنێو 700 قوتابخانەدا بوون و حاڵەتەکانیش لە پۆل یان قوتابخانەیەکی دیاریکراودا کۆنەبوونەتەوە تاوەکو وەک پەتا هەژمار بکرێن".
وەزارەتی تەندروستیی عێراق راشیگەیاند: زۆربەی پشکنینەکان نەرێنی بوون و هۆکاری تووشبوونەکانیش رەنگە بەکتریا، مشەخۆر یان ڤایرۆس بن و هەندێک لە حاڵەتەکانیش گومان دەکرێت هەوکردنی مێشک بن.
لە راگەیێندراوەکەدا وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: "جەخت دەکەینەوە کە ئێستا هیچ پاساوێک نییە بۆ رشاندن، داخستنی قوتابخانەکان یان راگرتنی دەوام، پێویستە پێش گرتنەبەری هەر رێکارێکی خۆپارێزی بگەڕێنەوە بۆ دەسەڵاتە تەندروستییە تایبەتمەندەکان." هەروەها داوا لە دایکان و باوکان دەکات چاودێریی منداڵەکانیان بکەن و گرنگی بە پاکوخاوێنی و دەستشۆردن بدەن.
هەوکردنی پەردەی مێشک چییە؟
هەوکردنی ئەو پەردە پارێزەرانەیە کە دەوری مێشک و دڕکەپەتکیان داوە، نەخۆشییەکە بەهۆی ڤایرۆس یان بەکتریاوە دروست دەبێت؛ جۆرە ڤایرۆسییەکەی زۆرجار سووکە و بەبێ چارەسەری قورس چاک دەبێتەوە، بەڵام جۆرە بەکتریاییەکەی مەترسیدارە و پێویستی بە چارەسەری خێرایە.
نیشانە باوەکانی بریتین لە تای بەرز، سەرئێشەی تووند، رەقبوونی مل و هەستیاری بە رووناکی.



