رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021 کۆببێتەوە، پێش کۆبوونەوەکەی پەرلەمانیش بڕیارە سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک فراکسیۆنەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق کۆببنەوە و پرسی پرۆژەیاسای بودجە یەکلایی بکەنەوە.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، بەپێی زانیارییەکان بڕیارە کاژێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 19-03-2021 کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە پەرلەمان لەنێوان دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەگەڵ لیژنەی دارایی بەڕێوەبچێت، لەو کۆبوونەوەیەدا قسەی یەکلاییکەرەوە دەکرێت، نەک هەر تەنیا لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان، بەڵکو کۆتاییهێنان بە ناکۆکیی پێکهاتەکانی دیکەش.
سوننە و شیعە ناکۆکی و تێبینییان هەیە و دەیانەوێت تێبینییەکانیان جێگر بکەن، پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، زۆرینەی شیعەکان، جگە لە یەک دوو ئەندامی لیژنەی دارایی، لە لایەنە سیاسییە شیعەکان رەزامەندییان نیشانداوە بە جێگیرکردنی ئەو دەقەی کە لە حکومەتەوە هاتووە، کە بریتییە لە رادەستکردنی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتە نانەوتییەکان، لە بەرامبەردا 12.67%ی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان لە بودجەدا جێگیر دەکرێت، بەڵام ئەو دەقەی بۆ زیاد دەکرێت کە دەبێت هەرێمی کوردستان هەنگاوی پراکتیکی بنێت و تاوەکو 250 هەزار بەرمیلەکە و نیوەی داهاتەکانی رادەست نەکات، حکومەت نابێت بودجە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، رێککەوتنی سەرەتاییش لەوبارەیەوە کراوە.
بڕیارە لە کاژێر 01:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 کۆببێتەوە، بەجۆرێک هەندێک لە ماددەکانی پرۆژەیاساکە تێپەڕێنن، ئەگەر هاتوو ناکۆکییەکان رێگربوون، هەندێک لە ماددەکان بهێڵنەوە.
هەموو ئەگەرەکان بەو شێوەیە کە ئەمڕۆ پرسی پرۆژەیاسای بودجە یەکلایی بکرێتەوە و تێپەڕێندرێت، چونکە ئەمڕۆ هەم پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە، هەم پەرلەمانیش کۆبوونەوەکانی دوادەخات.