ڕووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا گەڕانەوەی حاجییان بۆ هەرێمی کوردستان دەستپێبکات.
مەسعود وەرمێلی، حاجییەکی پارێزگای دهۆکە و لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی هەواڵەکانی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند":ئێمە گرووپێکی 25 کەسین کە زۆربەمان خاوەنکار و پزیشکین، بڕیارمان داوە زووتر و لە دەرەوەی کاروانی فەرمی بگەڕێینەوە. هەربۆیە رۆژی 2ی حوزەیران لە رێگەی فڕۆکەخانەی جدەوە دەچینە ئەنقەرە و لەوێشەوە بۆ شرنەخ، پاشان لە رێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە دەگەڕێینەوە شاری دهۆک و هەرێمی کوردستان."
پێشتر گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاندبوو، رۆژی 04-06-2026 یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان هەزار و 27 حاجییە لە رێگەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە دەگەڕێنەوە.
ساڵانە لیژنەیەکی تایبەت لە سعودیە هەڵسەنگاندن بۆ رێکارەکانی وڵاتان دەکات و وڵاتێکی نموونەیی خەڵات دەکات. بۆ ئەم ساڵ، عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی ئامادەکارییە باڵاکانیان لە دابینکردنی هۆتێل، گواستنەوە (پاس)، خواردن و خواردنەوە، توانییان پلەی یەکەم لەسەر ئاستی جیهان بەدەستبهێنن.
مەسعود وەرمێلی بە رووداوی گوت: "یەکێک لە خاڵە دیارەکانی ئەم ساڵ، نزیکیی هۆتێلی حاجییانی هەرێمی کوردستان بوو لە حەرەمی شەریف. هۆتێلەکە تەنیا 15 خولەک بە پێ لە مزگەوتی حەرامەوە دوور بوو، ئەمەش ئاسانکارییەکی زۆری بۆ حاجییان دروست کرد".
ئەم ساڵ وەرگرتنی مۆڵەتی حەج پێویستی بە مەرجی تووند بوو و رێگە نەدرا بە کەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە بەشداری بکەن. لە بارەی دۆخی حاجییانی هەرێمی کوردستان وەرمێلی دەڵیت: " سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێکی سووک لەنێو حاجیان، بەڵام ڤایرۆسەکە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نەبوو و بە شێوەیەکی گشتی دۆخی تەندروستییان جێگیر بوو.هیچ گیانلەدەستدان یان نەخۆشکەوتنی سەخت لەنێو حاجییان تۆمارنەکراوە و پرۆسەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە".
ئەم ساڵ 5 هەزار و 120 کەس لە هەرێمی کوردستان بە تیروپشک ناویان بۆ حەج دەرچوو. بەگوێرەی ئاماری فەرمیی سعودیە، بۆ وەرزی حەجی ئەم ساڵ یەک ملیۆن و 707 هەزار و 301 کەس لە ناوەوە و دەرەوەی ئەو وڵاتە بەشدارییان لە فەریزەی حەجدا کرد.