رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە تەرمی ئەڤین عیرفان، رادەستی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وارشۆ کرا، بڕیارە رۆژی هەینی بنێردرێتەوە هەرێمی کوردستان و لە شاری دهۆک بە خاکبسپێدرێت.
شێرزاد جاف، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وارشۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێکارە یاساییەکان بۆ گەڕاندنەوەی تەرمی ئەڤین تەواوکراوە. گوتیشی، "نوێژمان لەسەر تەرمەکە کردووە و لە رێگەی فڕۆکەوە کاژێر 3ی بەرەبەیانی هەینی تەرمەکە دەگاتە فڕۆکەخانەی بەغدا."
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وارشۆ ئاماژەی بەوەدا، دوای تەواوکردنی رێکاری یاسایی لە فڕۆکەخانەی بەغداوە رەوانەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەکرێت. تەرمی ئەڤین عیرفان دەنێردرێتەوە دهۆک و بڕیارە هەر لەوێ بەخاکبسپێردرێت.
ئەڤین عیرفان، تەمەن 38 ساڵ دووگیان بوو، لەگەڵ پێنج منداڵ و هاوژینەکەی مانگی تشرینی یەکەمی 2021 لە رێگەی بیلارووسەوە ویستیان بەرەو ئەوروپا کۆچ بکەن، بەڵام بەهۆی سەرما و خراپی رێگەوە، دۆخی تەندروستی ئەڤین تێکدەچێت. رۆژی 10ی تشرینی دووەمی 2021 رەوانەی نەخۆشخانەیەکی پۆڵەندا دەکرێت لەسەر سنوور. رۆژی سێی کانوونی یەکەمی 2021 لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.



