رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو سێ مانگی دیکە سەگە بێلانەکانی هەولێر دەگیرێن و دەبرێن بۆ ناوچەی لاجانە لە شێڵتەرێکی گەورە دایان دەنێن. ئێستا کار لە دروستکردنی شێڵتەرەکەدا دەکرێت، قایمقامی هەولێر دەڵێت، زیاتر لە 450 ملیۆن دینار بۆ کۆکردنەوەی سەگەکان و شێڵتەرەکە تەرخانکراوە.
ناوچەی لاجانە لە هەولێر، پڕۆژەی گەورەترین لانەی سەگە بێلانەکانی تێیدا جێبەجێ دەکرێت. دوای تەواوکردنی قۆناخی یەکەم کە بڕیارە مانگی شەشی ئەمساڵ تەواو بێت، قۆناخی دووەمی پرۆژەکە دەستپێدەکات کە کۆکردنەوەی سەگەکانە لە شەقام و کۆڵانەکانی هەولێر.
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: کارەکان زۆر بەپەلە ئەنجام دەدەین، بە تەواوکردنی دەست بە قۆناخی دواتری پڕۆسەکە دەکەین، ئەویش گواستنەوەی سەگەکانە بۆ ئەو شوێنە و نەزۆککردنیانە.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، 20 هەزار سەگی بێلانە لە هەولێر هەن و مانگانە بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوەیان لایەنی پەیوەندیدار پێویستی بە 10 ملیۆن دینار هەیە.
نووری گەردی، ئاژەڵ دۆستێکە، شێڵتەرێکی تایبەتی بۆ سەگی بێلانە هەیە و دەڵێت، کۆکردنەوەی سەگەکان لەو شێڵتەرە کارەسات دروست دەکات، چونکە شەڕ لەنێوان سەگەکاندا روودەدات.
بەگوێرەی ئامارەکانی پارتی سەوزی کوردستان، زیاتر لە 300 هەزار سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستاندا هەن. لە مانگی ئاداری ئەمساڵیش 124 رووداوی گەستنی سەگ رەوانەی هەردوو نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژهەڵات و رۆژئاوای هەولێر تۆمارکراون.