رووداو دیجیتاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لە 51ـەمین ساڵیادی دامەزراندنیدا پیرۆزباییەکی "گەرم" لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و "هیوای بەردەوامییان" بۆ دەخوازێت. رۆژی یەکشەممە، 31-05-2026 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نارد. مەکتەبی سیاسیی پارتی جەخت لە "هاوئاهەنگی و تەبایی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ چارەسەركردنی راست و دروستی كێشە و پرسە هەنووكەییە چارەنووسسازەکان و پاراستنی دەستكەوتەكانمان و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و سیاسی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە". دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی: پەیامی پیرۆزبایی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەڕێز/ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەڕێزان/ ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە بۆنەی(٥١)مین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە ئێوەی بەڕێز و کادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەکێتی دەكەین و، هیوای بەردەوامیتان بۆ دەخوازین. لەم دەرفەتەدا، جارێكی دیكە جەخت دەكەینەوە سەر هەماهەنگی و تەبایی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ چارەسەركردنی ڕاست و دروستی كێشە و پرسە هەنووكەییە چارەنووسسازەکان و، پاراستنی دەستكەوتەكانمان و بەهێزکردنی دامەزراوەکان و داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و سیاسی هەرێمی کوردستان. جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێدەکەین. مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ٣١ـی ئایاری ٢٠٢٦