رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، پارتی ئامادەیە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، جێگرەوەی یەکێتی بۆ پارتی هەر یەکێتییە.
ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد کە دەبێ بنەمای سەرەکی بۆ پێکهێنانی حکومەت رێزگرتن بێت لە ئەنجامی هەڵبژاردن و دەنگی دەنگدەران. ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی: "دەبێت رێز لە پرۆسەی دیموکراسی و لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بگرین. دەبێ وا لە خەڵک بکەین بە بیروباوەڕەوە بێن بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن و متمانەیان بمێنێت."
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رەخنەی لەوە گرت کە هەندێک لایەن دوای هەڵبژاردن دژی ئەو دروشمانە کاردەکەن کە لە بانگەشەدا بەرزیان کردوونەتەوە و گوتی: "تۆ نابێ دوای ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن بە دڵی تۆ نەبوو، دۆخە ناسکەکەی کوردستان بقۆزیتەوە و بڵێی یان بەو شێوەیە دەبێت یان من بەشداری لە پێکهێنانی حکومەت ناکەم."
سەبارەت بە بۆچوونی لایەنەکان لەسەر پشکیان لە حکومەت، ئەحمەد کانی روونیکردەوە کە دەبێ داواکارییەکان لە چوارچێوەی "بەرکەوتەی هەڵبژاردن"دا بن؛ هەروەها جەختی کردەوە کە پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت تەنیا لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆ دەکات و گوتی: "ئێمە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ برادەرانی یەکێتی وەک یەکێتی مامەڵە دەکەین، مەسەلەی نەوەی نوێ مەسەلەیەکی جیایە."
ئەحمەد کانی ئاماژەی بەوەش کرد کە پارتی نایەوێ بێ یەکێتی حکومەت پێکبهێنێت و هەموو هەوڵێکیش دەدات بۆ رێککەوتن، بەڵام ئەگەر هەوڵەکان شکستیان هێنا، دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکرێت یەکێک لە چارەسەرەکان بێت. ئەحمەد کانی لەو بارەیەوە گوتی: "ئەگەر گەیشتینە دۆخێکی داخراو و هیچ رێگەچارەیەکی دیکە نەما، بەڵێ [داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکەین]، چونکە دڵنیاین ئەنجامەکەی بەم شێوەیە نابێت."
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی پێشبینی کرد کە لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردندا "پارتی ژمارەی کورسییەکانی زۆر لەوەی ئێستا زیاتر بکات" و پێیوابوو کە نەوەی نوێش ناتوانێت هەمان ژمارەی کورسییەکانی ئێستای بەدەست بهێنێتەوە و گوتی: "ئەو دەنگانە ناهێننەوە."
ئەحمەد کانی باسی لە رۆڵی سەرۆک مەسعود بارزانی لە پرسی پێکهێنانی حکومەت و پرسە نیشتمانییەکانی دیکەدا کرد و گوتی: "جەنابی سەرۆک هیچ رۆژێک وا رەفتاری نەکردووە کە تەنیا سەرۆکی پارتی بێت، بە تایبەتی لە بابەتە چارەنووسساز و نیشتمانییەکاندا."