رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، حاجییەکی خەڵکی پارێزگای دهۆک لە شاری مەدینە، دوای نوێژی بەیانی گیانی لەدەستدا.
رۆژی دووشەممە، 01ـی حوزەیرانی 2026، رۆژگار جەعفەر، بەرپرسی راگەیاندنی پرۆسەی حەج بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ (حاجی ئەحمەد محەممەد سەعید نووری بریفکانی) کە لەدایکبووی ساڵی 1945ـە و خەڵکی پارێزگای دهۆک بوو، لە شاری مەدینە کۆچی دوایی کرد".
بە گوتەی رۆژگار جەعفەر، ئەو حاجییە کە بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج چووبووە سعودیە، دوای تەواوبوونی نوێژی بەیانی گیانی لەدەستداوە.
لەبارەی رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی، دوای پەیوەندیکردن بە کەسوکارەکەی لە هەرێمی کوردستان، بڕیار دراوە هەر لە شاری مەدینە تەرمەکەی بەخاک بسپێردرێ.
ئەمە یەکەم حاجیی هەرێمی کوردستانە لە وەرزی حەجی ئەم ساڵ لە سعودیە گیان لەدەست دەدات.
بڕیارە رۆژی 04-06-2026، یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان هەزار و 27 حاجییە لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بگەڕێنەوە.

