رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە مانگی ئایاردا، هەرێمی کوردستان بە 21 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە. هەروەها کۆی هێرشەکان کە لە 28ـی شوباتەوە دژی هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە لە 860 درۆن و مووشەک.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکە، هێرشەکانی مانگی ئایار، 15 یان لە سنووری پارێزگای هەولێر بووە و شەش درۆن و مووشەکیش ئاراستەی سنووری پارێزگای سلێمانی کراون، لە ئەنجامی یەکێک لە هێرشەکاندا لە سنووری پارێزگای هەولێر، "نۆ پێشمەرگە"ی حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستان بریندار بوون.
کات و شوێنی هێرشەکانی مانگی ئایار:
- 31ـی ئایار درۆنێک لە بەردەم ماڵێک لە گوندێکی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر کەوتە خوارەوە. سەرپەرشتیاری ئیدارەکە بە رووداوی گوت، زیانی گیانی نەبووە.
- 31ـی ئایار، بە دوو مووشەک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
- 25ـی ئایار بە دوو درۆن بارەگایەکی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) لە نزیک کەمپی دارەشەکران لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا. ئەدیب خالیدیان، ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبەکە بە رووداوی گوت: "نۆ پێشمەرگەمان بریندار بوون".
- 23ـی ئایار، بە چوار درۆن بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بۆردوومان لە سنووری پارێزگای هەولێر کرا.
-18ـی ئایار چوار بە مووشەک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە ناحیەی سوورداش لە پارێزگای سلێمانی.
-10ـی ئایار، بە سێ مووشەک بارەگایەکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە دۆڵی ئالانە لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کرا.
- 6ـی ئایار بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی سوورداش لە سنووری سلێمانی.
- 6ـی ئایار بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر کەمپی گردەچاڵ لە نزیک هەولێر.
- 2ـی ئایار بە درۆنێک هێرش کرایە سەر سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە، هەرێمی کوردستان بە 856 مووشەک و درۆن هێرشی کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا 20 شەهید و 135 بریندار هەن.
ژمارەی هێرشەکان بەگوێرەی پارێزگاکان بەمشێوەیەیە:
- پارێزگای هەولێر: بە 582 هێرش
- پارێزگاکانی سلێمانی: بە 243 هێرش
- پارێزگای دهۆک: بە 29 هێرش
- پارێزگای هەڵەبجە: هێرش
شەهید و بریندار لە ئەنجامی هێرشەکان
ئەوانەی شەهید بوون، حەوتیان پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک بوون لە سنووری خەلیفان لە پارێزگای هەولێر، یەکێکیان کارمەندێکی ئاسایش بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دووانیان هاوژینی یەک بوون و لە ماڵەکەیاندا شەهیدکران؛ هەشتیان پێشمەرگەی سێ حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان بوون و یەکێکیشیان کوڕی پێشمەرگەیەکی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو. ئەوی دیکەش سەربازێکی فەرەنسا بوو لە هەولێر.
بە گوێرەی ئاماری کۆکراوەی رووداو، بەشێکی بریندارەکان بریتین لە 29ـی پێشمەرگەی فەرماندەیی دەڤەری یەک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سێ کارمەندی ئاسایش لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەروەها سێ پێشمەرگە، دوو پاسەوانی تایبەت لە بارەگای پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی، پاسەوانێکی هۆتێل تایتانیک لە سلێمانی، هەروەها دوو کارمەندی بەرگریی شارستانیی خەلیفان و دوو پێشمەرگە لە هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە و یەک پۆلیس هەن.
هەر لەنێو بریندارەکان 18 سڤیل هەن و و بریندارەکانی دیکە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و پێنج سەربازی فەرەنسی بوون لە هەولێر.
