رووداو -دیجیتاڵ
خاتوون رەحیمی، دایکی سێ منداڵ و دانیشتووی شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوای نووسینی 72 هەزار کۆمێنت لە پلاتفۆرمەکانی "رووداو سپۆرتس"، توانی خەڵاتە گەورەکەی مۆندیالی 2026 کە ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل نوێیە، بباتەوە. خاتون دەڵێت بەهۆی سترێسی بردنەوەوە چەند رۆژێک خەو و خواردنی لێ حەرام ببوو.
شەوی 19ـی مانگ، هاوکات لەگەڵ یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026، بەخت یاوەری خاتوون رەحیمی تەمەن 43 ساڵ بوو. ئەو بە نووسینی زۆرترین کۆمێنت، توانی خەڵاتە 26 ملیۆنییەکەی رووداو بباتەوە. خاتون باس لەو کێبڕکێیە سەختە دەکات و دەڵێت: "رۆژ هەبوو 10 هەزار کۆمێنتم دەنووسی، بڕوام نەدەکرد شتێکی وا رووبدات. لە سترێسی ئەوەی کە دەبمە براوە یان نا، نەمدەتوانی خواردن بخۆم و خەوم لێنەدەکەوت."
"خەبات هەستە ئۆتۆمبێلەکەم بۆ دەرچوو" خەبات مستەفازادە، هاوژینی خاتوونە و پیشەی جووتیارە، ئەو ساتەوەختە دەگێڕێتەوە کە هەواڵی بردنەوەکەی بیستووە: "بەفرین خاتوون هات و منی راچڵەکاند، گوتی خەبات هەستە ئۆتۆمبێلەکەم بۆ دەرچوو! پرسیم بەڕاستتە؟ گوتی بە گۆڕی باوکم بۆم دەرچووە."
خەبات ئاماژە بە خۆشەویستیی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ رووداو دەکات و دەڵێت: "دەتوانم بڵێم 90%ـی خەڵکی رۆژهەڵات تەماشای رووداو دەکەن. باوکم کاتێک هەواڵەکانی رووداو دەستپێدەکات، دەبێت هەموو دەنگێک کپ بێت تاوەکو بە وردی گوێ لە هەواڵەکان بگرێت."
خەڵاتەکان؛ جیلی مۆدێل 2026 کۆمپانیای جیلی کە هاوبەشی کۆمپانیای ڤۆڵڤۆی سویدییە، دوو ئۆتۆمبێلی نوێی پێشکەشی براوەکانی رووداو سپۆرتس کرد. خەلیل ئیبراهیم، راوێژکاری فرۆشتنی کۆمپانیای جیلی بە رووداوی گوت: "دوو جۆر ئۆتۆمبێلمان بەخشیوە کە بریتین لە (جیلی ست تڕای) و (جیلی ئێم گراند) مۆدێل 2026. زۆر خۆشحاڵین کە بووینە بەشێک لەم دڵخۆشییە."
مۆندیالی رووداو بە ژمارە:
- کۆمێنتەکان: زیاتر لە 50 ملیۆن کۆمێنت لە پلاتفۆرمەکانی رووداو نووسران.
- ماوەی کێبڕکێ: 39 رۆژ.
- خەڵاتەکان: نزیکەی 200 خەڵاتی جیاواز دابەشکران.
- خەڵاتی خاتوون: ئۆتۆمبێلێکی مۆدێل 2026.
کێبڕکێی مۆندیالی 2026 لە پلاتفۆرمەکانی رووداو، نەک تەنیا لە باشوور، بەڵکو لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش کاردانەوەی گەورەی هەبوو و هەزاران کەس هاوشێوەی خاتوون رەحیمی، خەونەکانیان لە رێگەی "رووداو سپۆرتس"ەوە کردە راستی.