رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێ، کەمبوونەوەی کارەبا پەیوەندی بە کەمیی بەرهەمهێنای گازەوە هەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا گرفتەکە چارەسەر دەکرێ.
عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا گوتی: "کەمبوونەوەی کارەبا و بڕینی پچڕ پچڕ لە چەند شوێنێک پەیوەندی بە کەمیی گازەوەیە کە بەهۆی دۆخی شەڕ لە ناوچەکە بەرهەمهێنانی کەمبووەوە، بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمهێنان بەرزدەکرێتەوە و کێشەی کارەباش چارەسەر دەبێت، چونکە هیچ کێشەیەک لە ژێرخانی کارەبا و پرۆژەی رووناکی رووینەداوە".
عەزیز ئەحمەد باسی لە فرۆشتنی کارەبا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە بە عێراق کرد و گوتی: "ئێستا 1200 مێگاوات کارەبا بە عێراق دەفرۆشرێ، بەڵام حکومەتی عێراق داوای زیادکردنی بڕەکە بۆ 2000 مێگاوات دەکات".
جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە داتای ورد باسی لە ئاستی بەرهەمهێنان و دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری بۆ هاوبەشان کرد و گوتی: "ئەو گرفتانەی پێشتر لە سیستم و پسووڵەی کارەبا هەبوون، چارەسەر کراون و پسووڵەکان پێش ئەوەی بنێردرێن بۆ هاوبەشان بە سیستم وردبینی دەکرێن و بەدواداچوونیان بۆ دەکرێ".
دەقی گوتەکانی عەزیز ئەحمەد، جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ)دا
رووداو: لە چەند رۆژی رابردوودا کێشەی کارەبا هەبووە، بۆ نموونە ئێستا کە ئێمە لێرەین کارەبای مۆلیدەمان هەیە لە ناو رووداو، بۆچی؟
عەزیز ئەحمەد: لە چەند رۆژی رابردوودا بەڕاستی هەندێک کێشەمان هەبوو لە بابەتی بەرهەمهێنانی پێویستی کارەبا، ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە. یەکەم، خواست لەسەر کارەبا لە مانگی شەشدا زیادی کردووە. دووەمیش ئەوەیە بەشێک لە کارەبا بۆ عێراق دەنێرین، بەڵام کۆبوونەوەیەکی باش لەگەڵ جەنابی سەرۆکی حکومەت کرا و بڕیاردرا لە چەند رۆژی داهاتوودا لەگەڵ دانەگاز قسە بکرێت. کێشەکە کاتییە و پەیوەندی بە ژێرخانی کارەباوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر کە وەک پێویست نەبووە و گەشبینین لە چەند رۆژی داهاتوودا کێشەکە چارەسەر دەبێت.
رووداو: خەڵکێکی زۆر پەیوەندی بە ئێمەوە دەکەن لە هەولێر، دهۆک و شوێنەکانی دیکە، دەڵێن کارەبامان نییە، پارەی پڕۆژەی رووناكی دەدەین و پارەی مۆلیدەش دەدەین. ئایا کێشەکە هەر گازە؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، کێشەکە نەبوونی گازی پێویست بووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا چارەسەر دەکرێ. ئەمە یەکەم وەرزی هاوینە کە 85٪ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان هاتوونەتە نێو پڕۆژەی رووناكی. ساڵی رابردوو دۆخەکە باشتر بوو، بەڵام ژمارەی هاوبەشانی رووناكی ئێستا دوو هێندەی ساڵی رابردووە. پێشبینیمان کردبوو کە لە وەرزی هاوین تووشی هەندێک گرفت بین، بەڵام کاتین و چارەسەر دەکرێن.
رووداو: ئێستا بەکاربردنی کارەبا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە چەند و بەرهەمهێنان لە چ ئاستێکدایە؟
عەزیز ئەحمەد: پێشبینی دەکەین بۆ ئەم هاوینە خواست لەسەر کارەبا بگاتە نێوان 3900 بۆ 4400 مێگاوات لە چوار مانگی داهاتوو، بەرهەمیشمان بۆ گاز دەگەڕێتەوە. بۆ نموونە ئەمڕۆ بەرهەمهێنان نزیکەی 4000 مێگاوات بووە، بەڵام مانگ دوای مانگ بەهۆی گەرمای هاوینەوە خواست لەسەر کارەبا زیاتر دەبێت.
رووداو: ئایا بەرهەمهێنانی گاز گەڕاوەتەوە دۆخی پێش شەڕی ناوچەکە؟
عەزیز ئەحمەد: نەخێر نەگەڕاوتەوە، ئێستا نزیكەی 520 مەقمەق (ملیۆن پێ سێجا) لە کۆرمۆر بەرهەم دێت، لە خورمەڵەش نزیكەی 100 بۆ 120 مەقمەق، بەنیازین بەرهەمی گاز بۆ ئەم ساڵ بگەیەنینە یەک ملیار مەقمەق لە رۆژێکدا، واتا بۆ دوو هێندە بەرزبکرێتەوە. ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ دانەگازیش کراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجامەکەی رادەگەیێندرێ.
رووداو: لەبارەی بەکاربردن و نرخ، بەجۆرێک لە جۆرەکان پێشتر خەڵک نیگەران بوون لە نرخ و تێچووی پرۆژەی رووناكی. داتاکانی ئێوە چی دەڵێن و خەڵک چەند پارەی داوە بە کارەبا؟
عەزیز ئەحمەد: مادام داتا هەیە، با بە داتا قسە بکەین، بۆ شەش مانگی رابردوو (لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو تاکو مانگی 3ی ئەم ساڵ 80٪ی هاوبەشانی پرۆژەی رووناكی، مانگانە کەمتر لە 72 هەزار دیناریان بە کارەبا داوە، هاوکات 50٪ی هاوبەشان کە دەکاتە زیاتر لە 2 ملیۆن کەس مانگانە کەمتر لە 30 هەزار دیناریان داوە.
ئەم داتایانە لە رێگەی پێوەری زیرەکەوە بە دیجیتاڵی دێن و دەستکاری ناکرێن، ئەوەی دڵمان پێی خۆشە ئەوەیە تێبینیمان کردووە کە خەڵک ئێستا باشتر کارەبا بەکار دەهێنن و دەستپێوەگرتنیان تێدایە بەراورد بە ساڵی رابردوو و خەڵک وەک پێشتر مامەڵە لەگەڵ کارەبا ناکەن، لەکاتێکدا ئێستا زیاتر لە 5 ملیۆن کەس خاوەنی کارەبای 24 کاژێرین.
رووداو: داشکاندنەکان چۆنن؟
عەزیز ئەحمەد: حکومەت زیاتر لە 55 ملیار دینار داشکاندنی بۆ ماڵان کردووە. حکومەت درێخی نەکردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە سەرکەوتوو بێت و خەڵک ببنە خاوەنی کارەبای 24 کاژێری.
رووداو: ساڵی رابردوو گلەیی ئەوە هەبوو کە بۆ هەندێک کەس پارەیەکی زۆر دەهاتەوە. بۆ نموونە، چەند ملیۆن دینارێک تاوەکو چەند بەدواداچوون کرا و ئایا ئێستاش ئەم کێشانە بەردەوامن؟
عەزیز ئەحمەد: بەڵێ، کێشەیەکی تەکنیکی هەبوو کە کاریگەری کردبووە سەر 700 بۆ 800 هاوبەش، ئەو کێشانە چارەسەرکران و ئێستا پڕۆسەیەکی نوێمان داناوە کە پێش چاپکردن و ناردنی پسووڵەکان، بە وردی چاودێری و بەدواداچوونی بۆ دەکرێ بۆ ئەوەی هەڵە دووبارە نەبێتەوە، پێشتریش راگەیێندراوێکمان بڵاوکردەوە کە زیاتر لە 100 هەزار هاوبەش سوودمەند نەبوون لە داشکاندنەکان، ئەوەشمان بۆ چاک کردوونەتەوە و پارەکەیان بۆ دەگەڕێتەوە. ئەگەر هەڵەیەکیش هەبێت، چارەسەر دەکرێ. هەر کەسێکیش گلەیی و نیگەرانی لە پسووڵەی کارەباکەی هەبوو دەتوانێت پەیوەندی بە هێڵەکانی پرۆژەی رووناکی بکات و بەدواداچوون بۆ داواکەی دەکرێ.
رووداو: بۆچی زۆرینەی گلەییەکان لە هەولێر و دهۆکەوەن، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە کەمترن؟
عەزیز ئەحمەد: هیوادارم لە هیچ شوێنێکی کوردستان گلەیی نەمێنێت. بەپێی داتاکان، خێزانەکان لە سلێمانی و هەولێر کەمتر کارەبا بەکاردەهێنن بەراورد بە دهۆک. هۆکارێکی دیکەش ئەوەیە کە پڕۆژەی رووناكی سەرەتا لە هەولێر و سلێمانی دەستیپێکرد، دهۆک دوایین پارێزگا بوو کە چووە ناو پرۆژەکە. گۆڕینی کولتووری بەکارهێنانی کارەبا کاتی دەوێ. لە دهۆک چەندین پڕۆسەی نوێمان داناوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و سیستمەکە مانگ بە مانگ جێگیرتر و باشتر دەبێت.
رووداو: هەندێکجار گلەیی دەکرێت کە کارەبای 24 کاژێری شارەکان لەسەر حیسابی ناوچەکانی دەرەوەی شارەکانە و لە زۆر شوێن کارەبا کەمتر بووەتەوە و پشکەکەیان دەدرێتە شارەکان. ئەمە ڕاستە؟
عەزیز ئەحمەد: نەخێر، ئەمە هیچ بنەمایەکی نییە. بۆ نموونە، تەواوی پارێزگای هەڵەبجە ئێستا کارەبای 24 کاژێری هەیە، لە هەولێر 94٪ی پارێزگاکە و سلێمانیش سەرووی 80٪ی پارێزگاکە خاوەنی کارەبای 24 کاژێرین. پێوەرێکمان داناوە کە نابێت هیچ شوێنێک کارەبای لەوە کەمتر بێت کە پێش پرۆژەی رووناكی هەیبووە.
رووداو: پەیوەندی پرۆژەی رووناكی و وەزارەتی کارەبا چییە؟
عەزیز ئەحمەد: پرۆژەی رووناكی پرۆژەی وەزارەتی کارەبایە و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسند کراوە. ئەوکاتیش باسکرا کە پێش کۆتایی ساڵی 2026 پرۆژەکە تەواو بکرێ.
رووداو: کۆکردنەوەی پارەی کارەبا لەلایەن وەزارەتی کارەبایە یان کۆمپانیا؟
عەزیز ئەحمەد: هیچ کۆمپانیایەک لە پڕۆسەی کۆکردنەوەی داهات نییە، داهاتی کارەبا لە رێگەی "ئی-پسووڵە"وە کۆدەکرێتەوە و ئەژمارەکان لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی داراییدان، وەک چۆن هەمیشە وابووە و هیچ کۆمپانیایەک لەم نێوەندە نییە و هەموو داهاتەکان دەچێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی. یەک پێوەر بۆ هەموو کوردستان هەیە، چ نرخ و چ شێوازی کۆکردنەوەی داهاتەکان.
رووداو: چەند کۆمپانیایەک لە هەرێمی کوردستان کارەبا بەرهەمدەهێنن. پەیوەندی نێوان ئەم کۆمپانیایانە و وەزارەتی کارەبا چۆنە؟ ئایا کارەبا بە کەرکووک و دیالە دەفرۆشرێ؟ ئەمە کاریگەری ناکاتە سەر کارەبای هەرێمی کوردستان؟
عەزیز ئەحمەد: هەرێمی کوردستان توانای بەرهەمهێنانی تاوەکو 8000 مێگاوات کارەبای هەیە. وەزارەتی کارەبا گرێبەستی لەگەڵ 14 کۆمپانیا هەیە بۆ بەرهەمهێنان، کاتێک بەرهەم زیاد بێت و خواستی ناوخۆ کەم بێت کارەباکە دەفرۆشرێ بۆ ئەوەی داهات بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە. ئەو کێشەیەی لە چەند رۆژی رابردوودا هەبوو پەیوەندی بە گازی کۆرمۆرەوە هەبوو، نەوەک فرۆشتنی کارەبا بە عێراق.
رووداو: چەند کارەبا بە عێراق دەفرۆشرێ؟
عەزیز ئەحمەد: ئێستا نزیكەی 1300 مێگاوات دەفرۆشرێ، عێراق داوای 2000 مێگاواتی کردووە، بەڵام لە هەموو دۆخێکدا کاری لەپێشینە بۆ هەرێمی کوردستانە.
رووداو: ئەگەر کەسێک چەند مانگێک پارەی کارەبا نەدات، چی لێ دەکرێ؟
عەزیز ئەحمەد: با راشکاو بین، لە سیستمی کۆندا هەندێک کەس دەستکاریی سیستم و پسووڵەیان دەکرد، بەڵام لە سیستمی نوێدا ئەوە نەماوە. سیستمە نوێیەکە ئۆتۆماتیکییە و کەس ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات. سیستمەکە بەجۆرێکە هەر هاوبەشێک دوای 50 رۆژ لە گەیشتنی پسووڵەکە پارەکە نەدات، سیستمەکە ئۆتۆماتیکی کارەباکەی دەکوژێنێتەوە.
رووداو: سیتییەکان کەی دەچنە ناو پرۆژەی رووناكی؟
عەزیز ئەحمەد: نزیكەی 400 سیتی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان هەن، 20 پڕۆژەیان تەواو بووە، هیوادارین لە 3 بۆ 4 مانگی داهاتوودا هەموویان بچنە نێو سیستمەکە و پڕۆسەی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە رێگەی ئەپلیکەیشنەوە بۆ ئەوانیش کارا دەکرێ.