رووداو دیجیتاڵ
کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ئاگاداری سەرجەم ئەو کەسانە دەکاتەوە کە ناویان بۆ حەجی ساڵی 2027 دەرچووە و تاوەکو ئێستا مامەڵەکانیان تەواو نەکردووە، پێویستە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، سەردانی نووسینگەی حەج و عومرەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بکەن بۆ تەواوکردنی مامەڵەکانیان.
کاروان ستوونی گوتیشی: "دوای ئەو وادەیە بە هیچ شێوەیەک وادەکە درێژ ناکرێتەوە و هەر کەسێک دوا بکەوێت، ناوی یەدەگ لە شوێنیان دادەنرێت."
گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان داوا لە سەرجەم ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە لەو وادەیەدا سەردان بکەن و مامەڵەکانیان تەواو بکەن، چونکە چیدیکە مافی حەجکردنیان نامێنێت و دەبێت شوێنیان بۆ کەسانی دیکە چۆڵ بکرێت.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو کەسانەی هێشتا مامەڵەکانیان تەواونەبووە، کاروان ستوونی گوتی: "بۆ حەجی ئەم ساڵ زیاتر لە 5120 کەس ناویان هاتووەتەوە و لەو ژمارەیە 85٪یان مامەڵەکانیان تەواوبووە."
گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان دەشڵێت، "بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان، پێویستە کەسەکە خۆی ئامادە بێت تاوەکو بزانرێت دەتوانێت گەشتی حەج بکات یاخود نا، هاوکات پێویستە بڕی شەش ملیۆن دینار و کۆپی پاسپۆرت و کارتی نیشتمانی لەگەڵ خۆی بهێنێت."



