رووداو دیجیتاڵ
کێشەی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان دروستبووە و جێگری بەرپرسی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانیش دەڵێ، لە چەند رۆژی داهاتوودا گرفتەکە چارەسەر دەکرێ. هاونیشتمانییانیش چاوەڕێن موەلیدە ئەهلییەکان لە کاتی نەبوونی کارەبادا کارەبا دابین بکەن.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە رووداوی راگەیاند: "موەلیدە ئەهلییەکان دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە. ئەوانەیشیان کاژێری کارکردنیان تەواو بووە ناڕازین و نزیکەی 60%ـیان دەڵێن دەست بە کارکردن ناکەنەوە".
بە گوتەی خۆران خۆرانی، قایمقامی هەولێر هاتووەتە سەر هێڵ و رێکار بەرامبەر هەموو ئەوانە دەگیرێتەبەر کە دەڵێن موەلیدە هەڵناکەن و رایگەیاند: "دەبێت هەموویان موەلیدەکان هەڵبکەن. چاوەڕوان دەکرێ ئەمڕۆ و سبەی کێشەی هەموویان چارەسەر بێت و ئیدی هەمووان کارەبایان هەبێت."
هاوکات هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک بە رووداوی گوت: "هەر کاتێک کارەبا نەبێت، بە بڕیاری قایمقام هەموو موەلیدەکان پابەندن بە پێکردنی موەلیدەکانیان؛ هەر کاتێک کارەبا دەبڕدرێ، دەبێ هەموو موەلیدەکان هەڵبکرێن".
بە گوتەی هەکار هرووری، رۆژانە نزیکەی 20 کاژێر لە پارێزگای دهۆک کارەبای نیشتمانی هەیە، ئەو کاتەی نییە دەبێت موەلیدە هەڵبکرێ.
هاوکات عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: "هەندێک جار کارەبا 20 خولەک بۆ نیو کاژێر دەبرێ، بەڵام ئێمە بڕیارمان داوە موەلیدەکان هەڵنەکەینەوە، چونکە هیچ ئامادەکارییەکمان نەکردووە و پێویستمان بە دانانی موبەریدە، تێکردنی گاز و ساردکەرەوەیە. کاژێری کارکردنیشمان دیار نییە."
لەبارەی هەڵەبجەیش کە کارەبای 24 کاژێری هەیە، عوسمان محەممەد گوتی: "ئەگەر لەوێش کارەبا ببڕدرێ، هەر بەتەمای هەڵکردنەوە نین. زۆربەیان بەتەمای هەڵکردن نین، چونکە دیار نییە بە چەند کار دەکەین".
بەگوێرەی پڕۆژەکە، نزیکەی 5 ملیۆن و 500 هەزار هاووڵاتی کە زیاترە لە %85ـی دانیشووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا کارەبای 24 کاژێرییان بۆ دابینکراوە.




