رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایدەگەیێنێت، لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پارتی پێشنیازی کردووە دانوستاندنەکان "لە سفرەوە" دەستپێبکەنەوە و دەڵێت یەکێتی و هاوپەیمانەکانی ئێستا 39 کورسییان هەیە و ئامادەی گفتوگۆن.
عەباس فەتاح، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات باسی لە هۆکارەکانی بەردەوامیی چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند: "پێویستە گفتوگۆی جدیتر و خێراتر لەسەر ئەم بابەتانە بکرێت. لەوانەیە هەموو لایەنەکان کەمتەرخەمیان هەبێت، یەکێتیش لە هەندێک بابەت کەمتەرخەم بێت، بەڵام دەتوانین بڵێین پارتی بەرپرسیاری یەکەمە لەم بابەتە، لەبەر ئەوەی کە هێزی یەکەمە و پێکهێنانی حکومەتی پێ سپێردرابوو."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی، کۆبوونەوەکان نابێت تەنیا بۆ کۆبوونەوە بن، بەڵکو دەبێت بۆ رێککەوتن بن لەسەر "بەرنامەیەک بۆ شێوەی حوکمڕانیکردن، خزمەتکردنی خەڵک، دابەشکردنی پلە و پۆست و خزمەتگوزارییەکان بە هاوسەنگی."
عەباس فەتاح رایگەیاند، دانوستاندنەکانی پێشوویان لەگەڵ پارتی لەسەر بەرنامەی خزمەتگوزاری و پێکهێنانی حکومەت "باش بەڕێوەچوو،" بەڵام بە گوتەی ئەو، کاتێک گەیشتە سەر دابەشکردنی پۆستەکان، پارتی پاشەکشەی کرد. گوتیشی: "گەیشتە سەر پۆست، گوتمان وەزیری ناوخۆ، گوتی نایدەم؛ سەرۆکی هەرێم، نایدەم؛ سەرۆکی حکومەت، نایدەم."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، یەکێک لە خاڵە نوێیەکانی ناکۆکی، پێداگریی پارتی بووە لەسەر دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لە خاڵی سفرەوە، دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق. عەباس فەتاح لەمبارەیەوە دەڵێت: "شاندی پارتی پێیگوتووین کە ئەوەی پێش هەڵبژاردن باسمان کردووە، رۆیشت و دەبێت لە نوێوە دەستپێبکەین. ئێمەش دەڵێین فەرموو، لەسەر قسەی ئەوان کە لە سفرەوە دەستپێدەکەین، ئەمڕۆ ئێمە 39 کورسین و ئەوانیش 39 کورسین، با بێین گفتوگۆ بکەین."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی رەتیکردەوە کورسی ژمارە 39ـی هاوپەیمانێتییەکەیان ئاشکرا بکات، دەڵێت ئەمە "بابەتێکی حیزبیی ناوخۆییە" و لەکاتی دانوستاندنەکاندا بە پارتی رادەگەیێندرێت.


