رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە لێخۆشبوونی 50% لە قەرزی کەڵەکەبووی کارەبای ماڵان و 20% لە سزاکانی هاتووچۆ، هاوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی راسپارد رێکاری پێویست بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین بگرنەبەر.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە. لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بە تووندی سەرکۆنە کرد و رایگەیاند: ئەم هێرشانە ئامانجیان تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە. "هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی بووە و نابێت ببێتە بەشێک لە شەڕ و گرژییەکان."
داشکاندنی سزاکانی هاتووچۆ
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، پێشنیازی وەزیری ناوخۆ بۆ لێخۆشبوون لە سزاکانی هاتووچۆ پەسەند کرا. بەپێی بڕیارەکە، رێژەی 20% داشکاندن بۆ سزاکانی هاتووچۆ دەکرێت، ئەم بڕیارە لە 1ـی تەممووزی 2026ـەوە دەستپێدەکات و تاوەکو 31ـی کانوونی یەکەمی 2026 بەردەوام دەبێت، ئەوەش وەک ئاسانکارییەک بۆ هاووڵاتییان تاوەکو بتوانن قەرزەکانیان پاکتاو بکەن.
بەپێی نووسراوێکی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆ بە واژۆی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، کە بۆ سکرتارییەتی ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە، داوا کراوە ماوەی لێخۆشبوونی رێژەی 20% لە سزای سەرپێچییەکانی هاتووچۆ بۆ 6 مانگی دیکە درێژ بکرێتەوە.
هەوڵ بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین
وەزیری سامانە سروشتییەکان، راپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی سووتەمەنی پێشکەش کرد. ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتەکەی راسپارد هەموو رێکارێک بگرنەبەر بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزین و رێگریکردن لە هەر بارگرانییەک لەسەر هاووڵاتییان.
ئەنجوومەنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانیشی راسپارد چاودێریی وردی بازاڕ و بەنزینخانەکان بکەن بۆ پابەندبوون بە نرخە دیاریکراوەکان لەلایەن وەزارەت و پاراستنی کواڵیتیی بەنزین بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.
داشکاندنی قەرزی کارەبا
سەبارەت بە کەرتی کارەبا، ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیازەکانی وەزارەتی کارەبای پەسەند کرد. بەپێی بڕیارەکە:
رێژەی 50% داشکاندن بۆ قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ دەکرێت.
رێژەی 25% داشکاندن بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و کەرتی گشتی دەکرێت.
ئەم داشکاندنانە تەنیا قەرزە کۆنەکانی پێش دەستپێکردنی "پڕۆژەی رووناکی" دەگرێتەوە و پارەی مانگانەی پڕۆژەی رووناکی ناگرێتەوە. ئامانج لەم بڕیارە هاندانی هاووڵاتییانە بۆ دانەوەی قەرزەکانیان و خستنەگەڕی داهاتەکەیە لەپێناو دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری. بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا رێنمایی و میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە و رێکەوتی دەستپێکردنی لەلایەن وەزارەتی کارەباوە رابگەیێندرێت.
رێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچە
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، راسپاردەکانی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە رێکخستنەوەی مۆڵەتی بێمووچەی فەرمانبەران پەسەند کرا. ئەم بڕیارە بە مەبەستی یەکخستنی رێکارەکانە لەگەڵ یاسای نوێی خانەنشینیی یەکگرتوو، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی گشتیی راژە راسپێردران رێنمایی پێویست لەوبارەیەوە دەربکەن.
بەپێی بەڵگەنامەکانی سەرۆکایەتیی دیوان، حکومەت کار لەسەر رێکخستنەوەی رێنمایی ژمارە 4ـی ساڵی 2015 و رێنماییەکانی دواتر دەکات.
بەپێی پێشنیازە نوێیەکان، فەرمانبەران دەتوانن بۆ 5 ساڵ مۆڵەتی بێمووچە وەربگرن و بۆیان درێژبکرێتەوە تاوەکو 10 ساڵ. هەروەها بۆ مامۆستا و پزیشک و دەرمانسازان تەنیا 2 ساڵ مۆڵەت رێگەپێدراوە. لە کۆبوونەوەکەی سبەیدا باس لەوە دەکرێت کە چۆن ئەم ماوەی مۆڵەتە بۆ خزمەتی فەرمانبەری ئەژمار بکرێت یان رێکارە یاساییەکانی لە کاتی خانەنشینبووندا چۆن بێت.



