رووداو - هەولێر
لە یەکەم هەنگاودا دوای کاراکردنەوەی، بێگەرد تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بە زۆرینەی دەنگ لە شوێنی فەخرەدین قادر بە سکرتێری پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرا.
سەنگەر عەبدولڕەحمان، پەیامنێری رووداو لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەڵبژاردنی بێگەرد تاڵەبانی تەنیا بۆ دانیشتنی نائاسایی ئەمشەوە.
محەممەد عەلی یاسین، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لەسەر ئاستی رێککەوتنێکی نوێ هەوڵدەدەین دەستەیەکی سەرۆکایەتی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێرین".
هەرچەندە بەپێی دابەشکردنی پۆستەکانی کابینەی هەشتەم پشکی یەکێتی بوو، بەڵام لە سەرەتای خولی چوارەمەوە پۆستی سکرتێری پەرلەمان لای کۆمەڵی ئیسلامی بوو و فەخرەدین قادر بەڕێوەی دەبرد، بەهۆی ئامادەنەبوونیشی، بە زۆرینەی دەنگ بێگەرد تاڵەبانی بۆ ئەم دانیشتنە بە سکرتێر هەڵبژێردرا.
داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح


