رووداو دیجیتاڵ
بازرگانان و هاوردەکارانی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان گلەیی لە جیاوازیی رێکارە کارگێڕییەکان و وەرگرتنی پارەی گومرگ بە دۆلار و دینار لەنێوان دەروازەکانی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەراندا دەکەن، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستانیش هۆکارەکەی رووندەکاتەوە.
دیار کەریم، بازرگانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "لە کاتی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیلەوە، رووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبینەوە؛ لەوانە وەرگرتنی رسوومات و باج بە دۆلار. هەروەها ناچار دەکرێین بە ناوی چاککردنەوەوە ئۆتۆمبێلەکان لە وەرشەکانی نزیک دەروازەکە دابگرین و تێچوویەکی زۆرمان لەسەر هەژمار دەکرێت، لەکاتێکدا کاتێک ئۆتۆمبێلەکان دەگەنە شوێنی مەبەست دەبینین هیچ چاککردنەوەیەکیان بۆ نەکراوە."
ئەو بازرگانە ئاماژەی بەوەش کرد کە رێکارەکان لە دەروازەی حاجی ئۆمەران زۆر ئاسانترن و پارەش بە دینار وەردەگیرێت، هەر بۆیە داوا دەکەن سیستم و رێکارە گومرگییەکان لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکاندا یەکبخرێن.
کەمال رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان رسوومات بە دینار وەردەگیرێت، جگە لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، کە لە باج و گومرگدا دۆلار وەردەگیرێت."


