رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەرکی هەموومانە لە ناوەندەکانی پەروەردە، خێزان، میدیا و دامەزراوەكان، پێکەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی ژینگەپارێزی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر سروشتی وڵاتەکەمان بکەین".
ئەمڕۆ هەینی، 5-6-2026، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ژینگەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئهمڕۆ لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا، سڵاو و پێزانین ئاراستەی سەرجەم ژینگەپارێزان، رێکخراوەکان و لايهنه پەیوەندیدارەکانی ههرێمى کوردستان دەکەم کە دڵسۆزانە بۆ پاراستنی سروشت و ژینگەى جوانی وڵاتەکەمان کار دەکەن".
"پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی ئاووهەوا، تهنيا ئهركێكى حكومى نييه، بهڵكو بەرپرسیاريهتییەکی گەورەی نیشتمانی و مرۆیيی هاوبەشە. ئەرکی هەموومانە لە ناوەندەکانی پەروەردە، خێزان، میدیا و دامەزراوەكان، پێکەوە کار بۆ بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی ژینگەپارێزی و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی سەر سروشتی وڵاتەکەمان بکەین"، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وا دەڵێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە پابەندى هاوکاری و کارکردنی هاوبەشه لەگەڵ حکومەتی عێراقى فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتيدا، بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لەپێناو پاراستنی سەرچاوە سروشتییەکان و مسۆگەرکردنی ژینگەیەکی تەندروست و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی داهاتوومان".
رۆژی جیهانیی ژینگە لە ساڵی 1972 وەکو وەڵامێک بۆ زیادبوونی پیسبوونی گۆی زەوی، رژانی نەوت و تێکچوونی ژینگە راگەیێندرا. نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسی مێژوویی ستۆکهۆڵمەوە ئەم رۆژەی تەرخان کرد؛ بە ئامانجی بەئاگاهێنانەوەی جیهان، هاندانی هەنگاوی سیاسی و هێنانەدی جۆش و خرۆش لە نێوان کۆمەڵگەکاندا بۆ پاراستنی هەسارەکەمان.

.jpg&w=3840&q=75)

