رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لە چیای نەمرود و دەوروبەری لە پارێزگای بەدلیس لە باکووری کوردستان، دەرکەوتووە مێژووی ژیان لەو ناوچەکە بۆ چاخی بەردینی کۆن دەگەڕێتەوە، ئەمەش وەک دۆزینەوەیەکی مێژوویی و گرنگ بۆ ناوچەکە سەیر دەکرێ.
بەپێی راگەیێندراوی زانکۆی ئەرەنی بەدلیس، لە چوارچێوەی پڕۆژەی (دیاریکردنی کانەکانی ئۆبسیدیان، رێگەکان و شوێنەکانی حەوانەوە لە چەرخەکانی پێش مێژوو لە پارێزگای بەدلیس) کە بە سەرپەرشتی وەزارەتی کولتوور و گەشتوگوزاری تورکیا بەڕێوەدەچێ، توێژینەوەی مەیدانی ئەنجام دراوە.
لە قۆناخی یەکەمدا کارەکان لە چیای نەمرود و دەوروبەری کۆتاییان هات و 5 ئەشکەوت، 43 شوێنی شیکردنەوەی بەردی ئۆبسیدیان (بەردی شووشەیی گڕکانی) و 3 سەرچاوەی ئۆبسیدیان دۆزرانەوە. ئەنجامەکە ئەوە دەردەخات کە بەردی ئۆبسیدیانی نەمرود لە چاخی بەردینی کۆنەوە بە شێوەیەکی چڕ بەکارهێندراوە و دواتر بووەتە کاڵایەکی بازرگانی و هەناردەی ناوچەکانی شام، میزۆپۆتامیا، زاگرۆس و ئەنادۆڵ کراوە.
لە کۆی 2,300 پارچەی دۆزراوە، تاوەکو ئێستا پشکنین بۆ 1,500 پارچە کراوە کە تەمەنیان بۆ چاخی بەردینی کۆن تاوەکو چاخی برۆنزی (واتە نزیکەی 40,000 تاوەکو 4,000 ساڵ پێش زایین) دەگەڕێتەوە. لە نێو کەرەستە دۆزراوەکاندا تەور، ئامرازی بڕین و کونکردن و تیر هەن. گرنگترین شوێنیش کە تۆمارکراوە ئەشکەوتی (مازیک)ە کە بەڵگەی نیشتەجێبوونی چاخەکانی برۆنز، ئاسن و سەدەکانی نێوەڕاستی تێدا دۆزراوەتەوە.
بڕیاریشە لێکۆڵینەوەکە ئەم ساڵ و ساڵی داهاتوو تاقیکردنەوە و توێژینەوەکان بەرەو چیای سیپان فراوانتر بکرێن.
پارێزگای بەدلیس لە باکووری کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و بوونی چیای گڕکانی نەمرود، لە مێژوودا هەمیشە وەک ناوەندێکی گرنگی دابینکردنی بەردی ئۆبسیدیان (شووشەی گڕکانی) ناسراوە، کە مرۆڤی چەندین سەتە لەمەوبەر بۆ دروستکردنی چەک و کەرەستەی بڕین بەکاریهێناوە.
دۆزینەوەی ئەم دواییە کە بەڵگەی تەمەنی 40 هەزار ساڵەیان تێدایە، نەخشەی مێژوویی ناوچەکە دەگۆڕێ و دەیسەلمێنێت کە بەدلیس لە کۆنترین مەڵبەندەکانی نیشتەجێبوون و بازرگانیی نێودەوڵەتی بوون لەو ناوچەکە.



