رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک دەڵێ، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 650 هاووڵاتیی بیانی دەستگیرکراون کە هەوڵیان داوە بە نایاسایی لە هەرێمی کوردستانەوە بچنە نێو شارەکەی باشووری کوردستان. لە بەرامبەردا، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، دیاردەکە "دوولایەنەیە" و لە ناوچەکانی عێراقیشەوە بە قاچاخ کرێکاری بیانی دێنە هەرێمی کوردستان.
رۆژی شەممە، 6-6-2026، عەمید عامر نووری، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 650 هاووڵاتیی بیانی کە زۆربەیان پاکستانی، ئەفغانستانی و بەنگلادیشی بوون، دەستگیرکراون کە بەشێوەیەکی نایاسایی هاتوونەتە کەرکووک".
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسانە بە نایاسایی دێنە هەرێمی کوردستان و دواتر دەیانەوێ بچنە بەغدا و شارەکانی دیکەی نێوەڕاست و باشووری عێراق.
تەنیا رۆژی 3ی ئەم مانگە لە کەرکووک 25 هاووڵاتیی ئەفغانستانی لەنێو بارهەڵگرێکی چیمەنتۆدا دەستگیرکران کە خۆیان شاردبووەوە.
ئاریان ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەوەی باس دەکرێ بەپێچەوانەیشەوە راستە. ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی و کرێکاری بیانی لە ناوچەکانی عێراقەوە بە قاچاخ هەوڵ دەدەن بێنە نێو هەرێمی کوردستان، بۆیە بابەتەکە دوولایەنەیە و تەنیا لە هەرێمی کوردستانەوە ناچن، بەڵکو لە عێراقیشەوە دێن".
سەبارەت بە رێکارە یاساییەکان بەرامبەر ئەو کەسانە، عامر نووری گوتی: "بەگوێرەی مادەی 39ی یاسای نیشتەجێبوون مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ. لەلایەن دادگەوە سزای زیندانیکردنی یەک بۆ دوو مانگیان بەسەردا دەسەپێندرێ و دواتر دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد: "ئێستا هاوئاهەنگییەکی بەهێزمان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە و بەوهۆیەوە دیاردەکە تا رادەیەکی باش کەم بووەتەوە".



