رووداو دیجیتاڵ
جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە رایگەیاند، پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی ئاسایش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە فەرمی و کرداری دەستیپێکردووە و ئەمڕۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ 100 ئەفسەر دەکرێت.
سیامەند عەفرین، جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ پرۆسەی چاوپێکەوتن بۆ 100 ئەفسەری ئاسایش دەستیپێکردووە، بە مەبەستی چوونە نێو پێکهاتەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بە جۆرێک کە هەمان پلەی سەربازیی خۆیان دەبێت."
جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئاشکرای کرد، نزیکەی 500 ئەندامی ئاسایش کە خەڵکی عەفرینن و لەم دواییانەدا گەڕاونەتەوە، دەخرێنە نێو هێزەکانی ئاسایشی گشتیی شارەکە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە.
سەبارەت بە دۆسیەی ئاوارەکان، سیامەند عەفرین رایگەیاند، سەردانی سەرێ کانیێی کردووە بۆ ئامادەکاریی گەڕانەوەی خەڵکەکە. گوتیشی: "میکانیزمەکە هاوشێوەی عەفرین دەبێت؛ لیژنەی هەڵگرتنەوەی مین پێکهێنراوە و لیستی ناوی ئەو خێزانانە ئامادە دەکرێت کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە."
سیامەند عەفرین رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ سەردانی رەققە بکات و لەگەڵ پارێزگاری شارەکە کۆببێتەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر گەڕانەوەی ئەو کوردانەی خەڵکی رەققەن و ئێستا لە کۆبانێ ئاوارەن.
سیامەند عەفرین باسی لە پرسی خزمەتگوزارییەکانیش کرد و رایگەیاند، وێستگەی ئاوی عەلوک کە ئاو بۆ حەسەکە و تل تەمەر دابین دەکات، لە 1ـی تەممووزەوە بە شێوەی "قۆناخ بە قۆناخ" دەست بە بەردانەوەی ئاو دەکات.
وێستگەی عەلوک کە دەکەوێتە نزیک سەرێ کانیێ، لە ساڵی 2019ـەوە لەکارکەوتووە، ئەوەش وایکردبوو دانیشتووانی حەسەکە و دەوروبەری بۆ ماوەی چەندین ساڵ پەنا بۆ کڕینی ئاوی تانکەر ببەن و رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی بێئاوی ببنەوە.
.png&w=3840&q=75)



