رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، چاوەڕێی وەڵامی حکومەتی عێراقن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی کوردستان، رۆژی یەکشەممە، 7ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هێشتا بڕیارنەدراوە کەی دەرگای سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران".
ئەم ساڵ حکومەتی عێراق بڕیاری داوە 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگرێ، کە 292 هەزار تۆنی بە گەنمی نێو پلانی چاندن دادەنرێت و تۆنی بە 700 هەزار دینارە، زیاتر لە 100 هەزار تۆنیش بە دەرەوەی پلان دادەنێت و تۆنی بە 500 هەزار دینار وەرگرێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان گوتی: "پشکی تەرخانکراو بۆ هەرێمی کوردستان کەمە، لە رێگەی وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵ و پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا نیگەرانی خۆمان بە حکومەتی عێراق گەیاندوە و داوای زیادکردنیامن کردووە، بۆیە تاوەکو وەڵامێکمان دەست نەکەوێ دەست بە وەرگرتنی گەنم ناکەین؛ چاوەڕێی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقین لەوێ بڕیاری پێویست بدرێ".
ساڵی رابردوو حکومەتی عێراق 400 هەزار تۆن گەنمی هەرێمی کوردستانی وەرگرت، هەر یەک تۆن بە 800 هەزار دینار.
رۆژی 6ـی حوزیرانی 2026، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "عێراق نەک تەنیا بۆ هەرێم، بەڵکو بۆ سەرتاسەری وڵات بڕی وەرگرتنی گەنمی کەم کردووەتەوە و ئەو بڕەی بۆ هەرێمی کوردستانیش دانراوە زۆر کەمە؛ کە 292 هەزار تۆن لە ناو پلان و 108 هەزار تۆنیش لە دەرەوەی پلان دیاری کراوە."
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ، لە ماوەی پڕۆسەکەدا وەزارەتەکەیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەغدا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بووە. گوتیشی: "نامەی فەرمیمان بۆ سەرۆکوەزیران، سەرۆککۆمار و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ناردووە، بەڵام بیانووی عێراق ئەوەیە کە کێشەی پارەیان هەیە بۆ کڕینی گەنم".
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت: "بڕیار وایە ئەم هەفتەیە یان سەرەتای هەفتەی داهاتوو سەردانی بەغدا بکەین تاوەکو پێش کردنەوەی دەرگەی سایلۆکان هەوڵی تەواوی خۆمان بدەین."
وەزیری کشتوکاڵ باسی لەوەکرد، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش پێشتر لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق ئەم بابەتەی باس کردووە، بەڵام ئەوان دەیانەوێت خۆیان بچن و هەموو بەڵگە و روونکردنەوەیەکی تەواو بخەنە بەردەستیان. گوتیشی، "هیچ گرفتێکی تەکنیکی لە ئارادا نییە و کێشەکە بۆ شێوازی بڕیاردانی عێراق دەگەڕێتەوە، کە ئێمە پێی رازی نین."



.png&w=3840&q=75)