رووداو دیجیتاڵ
زوبێر ئایدار، ئەندامی کۆنسەی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، لە دووەم رۆژی 24ەمین کۆبوونەوەی گشتیی کەنەکەدا رایگەیاند، پێویستە رووناکبیران، کەسایەتییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هانی لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بدەن بۆ ئەوەی یەکگرتوویی نەتەوەیی دروستبێت.
ئایدار لە گوتارەکەیدا گوتی، لە ساڵیادی پەیماننامەی لۆزاندا چالاکی و پانێڵێک لە شاری لۆزانی سویسرا رێکدەخەن، کە تێیدا نەک تەنیا باسی رابردوو، بەڵکو باسی ستراتیژیەتی داهاتووی گەلی کورد و پرسی یەکگرتوویی نەتەوەیی دەکرێ.
ئایدار هۆشداری دا لەوەی دووژمنانی کورد دەیانەوێ "لۆزانێکی دووەم" بەسەر گەلی کورددا بسەپێنن و گوتی، هۆکاری مەترسییەکان لەسەر دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان، کەمی یەکگرتوویی نەتەوەییە.
ئەندامەکەی کۆنسەی کۆما جڤاکێن کوردستان گوتی:"دابەشبوونی گەلی کورد تەنیا خزمەت بە نەیاران دەکات. هیچ گەرەنتییەک نییە ئەو پێشێلکاری و مەترسییانەی لە رۆژئاڤا روویاندا، بۆ سەر باشووری کوردستانیش دروست نەبن. تەنیا رێگەش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم مەترسییانە، دروستکردنی کۆدەنگییەکی نەتەوەییە."
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە 24ی ئایاری ساڵی 1999 وەک پلاتفۆرمێکی سیاسی و دیپلۆماسی بە دەستپێشخەریی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و بەشداریکردنی بەشێک لە لایەن و کەسایەتییەکانی چوار پارچەی کوردستان بە ئامانجی دروستکردنی گوتارێکی هاوبەشی کوردستانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە ئەورووپا دامەزرا.
لە 6ی حوزەیرانی 2026دا 24ەمین کۆنگرەی کەنەکە بە بەشداریی 300 نوێنەر لە شاری ڤێنلۆی هۆڵەندا دەستی پێکرد. کۆبوونەوەکە بە درووشمی "یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراسی" بەڕێوەدەچێت و ئەمرۆ دوایین رۆژییەتی.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
