رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێک کە گرنگترینیان "سیستمی ئەسیکۆدا و داهاتی نانەوتی" دەبێ، سەردانی بەغدا بکات.
رۆژی دووشەممە، 8ـی حوزیرانی 2026، د. سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی تیمی دانوستاندنکاری هەرێمی کوردستان تایبەت بە سیستمی ئەسیکۆدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیار بوو دوێنێ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ کۆمەڵێک پرس سەردانی بەغدا بکات. یەکێک لەوانە سیستمی ئەسیکۆدا بوو، بەڵام سەردانەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا."
سامی جەلال گوتی: "ئەگەر هیچ گۆڕانکارییەک روونەدات، بڕیارە دووشەممەی داهاتوو شاندە باڵاکە سەردانی بەغدا بکات، ئەوەش بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنی تەواو لە نێوان هەردوولادا لەبارەی ئەو سیستەمە."
سەرۆکی تیمی دانوستاندنکار دەڵێ، لە رابردوودا چەندین کۆبوونەوە کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی؛ گوتیشی: "هەندێک خاڵی ناکۆکمان ماون، ئەگەرنا بە گشتی لێکتێگەیشتنی باش هەیە. خاڵی سەرەکی و هەوڵەکانمان بۆ پارێزگاریکردنە لە تایبەتمەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو جێبەجێکردنی سیستمەکە لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، واتە جێبەجێی دەکەین، بەڵام دەبێت بە شێوازی خۆمان بێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، یەکێکی دیکە لە تەوەری سەرەکییەکانی سەردانی شاندەکە، بریتییە لە گفتوگۆکردن لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆ.
شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا لەمانە پێکدێ:
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران
عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون
سامی جەلال، راوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ
17ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی سیستمی ئەسیکۆدا بە رووداوی گوت: "ئەوەی لەسەر هەرێمی کوردستان پێویستە ئێمە رەزامەندییمان دەربڕیوە و رازیش بووین بەوەی کە سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێ، بەڵام میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی دەبێت بە رێگەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بێت، ئەمەش کاتی دەوێ."
سیستمی ئەسیکۆدا سیستمێکی ئەلیکترۆنییە بۆ بەستنەوەی دەروازە و کاروباری گومرگی، مامەڵەی بازرگانیی کۆمپانیاکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان رێکدەخات.



.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)