رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی کورد لە کەرکووک بایکۆتی هەڵبژاردنی کۆمەڵەی هەرەوەزیی جووتیاران دەکەن و سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێ، سکاڵا تۆماردەکەن.
ئەو هەڵبژاردنە 7ی حوزەیرانی 2026 لە قەزاکانى کەرکووک، دوبز، حەویجە و داقووق کرا و چوار دادوەری سەر بە دادگای بەرایی کەرکووک سەرپەرشتییان کرد. ئەو کۆمەڵەیە دەبێتە لایەنی فەرمی نوێنەرایەتیکردنی جووتیاران.
رۆژی دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، محەممەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان لە پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جووتیارانی کورد بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد، لەبەر ئەوەی پێشتر داوامان کردبوو کە دوابخرێ بۆ ئەوەی بزانرێ پشکی کورد چۆن دەبێت".
لەو هەڵبژاردنەدا لە هەر کام لەو چوار قەزایە پێنج ئەندامی هەمیشەیی و دوو ئەندامی یەدەگی ئەنجومەنی هەرەوەزیی جووتیاران هەڵدەبژێردرێ و ئەوانیش سەرۆکی کۆمەڵەکە هەڵدەبژێرن.
بە گوتەی محەممەد ئەمین، لە رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە کورد نوێنەری لەو کۆمەڵەیە نەماوە و زۆرینەی جووتیارانی کورد ئەندامی کۆمەڵەکە نین، بۆیە داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکەیان کردووە بۆ ئەوەی ئەو پرسە یەکلایی بکەنەوە.
پێشتر لە یەکى حوزەیران، سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک، رۆژی هەڵبژاردنەکەی دیاریکردبوو، دوو رۆژ دواتر نەشئەت شاهوێز، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە نووسراوی فەرمی داوای لە کۆمەڵەی هەرەوەزیی جووتیاران کرد کە ئەو هەڵبژاردنە دوابخەن و ئەنجوومەن و جووتیاران لە وادەی نوێی ئەو هەڵبژاردنە ئاگادار بکەنەوە.
عەبدوڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت:" پێشتر داوامان کرد کە هەڵبژاردنەکە دوابخرێ، کە ئەنجامیش درا لە رێگەی ئەنجومەنی پارێزگاوە لە دادگا سکاڵا دژی ئەو هەڵبژاردنە تۆمار دەکەین، چونکە نە ئێمە و نە جووتیاران ئاگاداری هەڵبژاردنەکە نەبووین".

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
