رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق سەرقاڵی رێکارەکانی گواستنەوەی دۆسیەی ئەمنیی نێو شاری کەرکووکە لە سوپاوە بۆ پۆلیس. گوتەبێژی پۆلیسی شارەکەش دەڵێت، پڕۆسەکە بە چەند قۆناخێک دەبێت و لە سەنتەری شارەوە دەستپێدەکات.
رۆژی چوارشەممە، 10ی حوزەیرانی 2026، لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی میکانیزمەکانی رادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی سەردانی کەرکووکی کرد.
عەقید عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە (رووداو)ی راگەیاند: "جێبەجێکردنی بڕیارەکە بە چەند قۆناخێک دەبێت. لە قۆناخی یەکەمدا، دۆسیەی ئەمنیی نێو سەنتەری شار رادەستی پۆلیس دەکرێت، لە قۆناخی دووەمیشدا ناوەندی قەزاکانی وەک دووبز و قەزاکانی دیکە وەردەگیرێن."
بەگوێرەی پلانەکە، پۆلیسی ناوخۆ بەرپرسیارێتیی بازگەکانی دەروازەی شارەکەش دەگرێتە ئەستۆ، بەڵام خاڵە گومرکییەکان وەک خۆیان دەمێننەوە و ناگۆڕدرێن.
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم گۆڕانکارییە، چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییە ئەمنیانەیە کە لە هەندێک ناوچە لە نێوان هێزەکانی سوپا و پێشمەرگەدا دروستبووە. گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد کە دووربوونی سوپا و پێشمەرگە لە یەکدی لە هەندێک خاڵدا، مەترسیی ئەمنی دروستکردووە و ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو کێشەیە.
لیوا عەبدولستار زێباری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لیژنە هاتووەکەی وەزارەتی ناوخۆ ئەرکیان پشکنینی مەیدانییە بۆ دڵنیابوونەوە لە جێگیربوونی هێزەکان.
سەبارەت بە پێگەی پێشمەرگە، لیوا عەبدولستار زێباری گوتی: "هێزی پێشمەرگە لە خاڵەکانی دەوروبەری کەرکووک وەک خۆیان دەمێننەوە." گوتیشی بۆ بەهێزکردنی هاوئاهەنگییەکان، دوو ئەفسەر بە پلەی عەمید لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دیاریکراون بۆ ئەوەی لەو شوێنانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە جێگیر بکرێن و ئەرکی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا بگرنە ئەستۆ.



