رووداو - دیجیتاڵ
دایکی دوو منداڵی تووشبوو بە نەخۆشیی شێرپەنجەیە و بەو هیوایە بوو بچێتە وڵاتی
سوید بۆ چارەسەرکردنیان. ئەو شوقەیەی کە خێرخوازان بۆیان کڕیبوو، فرۆشتی و
پارەکەی دا بە کەسێک بە ناوی (هـ. م) تاوەکو نیشتەجێبوونی وڵاتی سویدی بۆ
دابین بکات، بەڵام خەونەکانی لەبارچوون؛ ئێستا ئەو لە شوقەکەی خۆیدا بووەتە
کرێنشین و پارەکانیشی نەگەڕێندراونەتەوە.
ئەو خانمەی کە فێڵی لێکراوە و پارەکەی براوە، باس لەو کاتە دەکات کە چۆن بە هیوای
چارەسەری منداڵەکانی هەموو شتێکی فرۆشتووە و بە رووداوی گوت: "کارەکەمان بۆ
ئیقامەی سوید بوو، تاوەکو بۆ دوو ساڵ کارەکانمان بە فەرمی دروست بکەن، بۆ
ئەوەی نەخۆشەکانم ببەمە ئەوێ چارەسەریان بکەم و لەوێشەوە بۆ وڵاتێکی دیکە؛
تاوەکو چارەسەریان بکەم و خۆم رادەستی وڵاتێکی دیکە بکەم. ئاوا بوو پارەمان
برا. [لە وەڵامی ئەوەی پارەکەت لەکوێ هێنابوو؟] شوقەکەم خێرخوازان پێیان دابووم،
ئەوە سێ ساڵ بوو، من لەبەر نەخۆشەکانم و بۆ ئەم رێگەیە فرۆشتم؛ من دام تاوەکو
منداڵەکانم ببەمە ئەوێ چارەسەریان بکەم، هەردووکیان نەخۆشیی گرانیان هەیە."
ئەو کەسەی کە پارەکانی بردووە، بە ناوی رۆژنامەڤانییەوە قسەی لەگەڵ کردوون و خەڵکی
دهۆکە. قوربانییەکی دیکەی دەستی ئەم کەسە گەنجێکە کە تەنیا شەش مانگ بوو ژیانی
هاوژینیی پێکهێنابوو، بەهیوای پەیداکردنی هەلی کار، زێڕی هاوژینەکەی فرۆشتووە و
داویەتی بەو کەسە، بەڵام چارەنووسی ڤیزا و پارەکانی ئەویش دیار نییە.
ئەم گەنجە دەڵێت: "من 90 وەرەقەم (9 هەزار دۆلار) پێدا، ئەویش هی هاوژینەکەم بوو،
شەش مانگ بوو ژیانی هاوژینیم پێکهێنابوو. زێڕەکانم فرۆشت و پێمدا، بۆ دابینکردنی
نیشتەجێبوونی سوید؛ بۆ کارکردن کە لە چێشتخانەیەک بوو. گوتم خەڵکی دهۆکە و جێگەی
بڕوایە و کەفیلە؛ لەبەردەستمانە. سبەی سکاڵاش بکەین دەبێت جێگەی خۆی بگرێت."
ئێستا کەیسەکە لە دادگایە و لە قۆناخی لێکۆڵینەوەدایە، بڕیاری گرتن بۆ کەسێک بە
ناوی (هـ. م) دەرچووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەچووەتە بەردەم دادوەر و دەستگیر
نەکراوە.
سەمیان شێرزاد، پارێزەری دۆسیەکە دەڵێت: "ئەم دۆسیەیە بەپێی ماددەی 456 لە یاسای
سزادانی عێراق؛ لە دادگای زاخۆ ئەم سکاڵایە لەلایەن بریکارەوە
تۆمارکراوە. کوژمەیەک پارە لەم کەسانە وەرگیراوە، لێکۆڵینەوەکان
بەردەوامن؛ ئەم کەسە لەلایەن دادگاوە داواکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا
ئامادە نەبووە لەبەردەم دادگا، لەبەر ئەوە پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە بەردەوامن و
دۆسیەکە راگیراوە تاوەکو ئەم کەسە لە دادگا ئامادە دەبێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، پێنج سکاڵا لەسەر ئەو کەسە لەسەر هەمان بابەت
تۆمارکراون. ئەو کەسە بڕی نزیکەی 100 هەزار دۆلاری خەڵکی بە ناوی
دابینکردنی ڤیزەی وڵاتانی ئەوروپا وەرگرتووە، بەڵام نە ڤیزای بۆ
دابینکردوون و نە پارەکانیشی بۆ گەڕاندوونەتەوە.
