رووداو - دیجیتاڵ
دوای ساڵانێک لە ئاوارەیی، سەتان ماڵباتی کورد لە رەقە کە بەهۆی شەڕ و گرژییەکانی نێوان کورد و
حکومەتی سووریاوە روویان لە قامیشلۆ و رمێلان کردبوو، ئێستا لە هەوڵی
گەڕانەوەدان بۆ زێدی خۆیان. لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان بەڕێوەبەریی خۆسەر
و حکومەتی سووریا پێکهێنراوە بۆ رێکخستنی پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، بەڵام
مەترسیی ئەمنی و وێرانیی ماڵەکانیان گەورەترین ئاستەنگی بەردەمیانە.
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە یەک رۆژدا لە کۆبانێ 200 خێزان (1765 کەس) ناوی خۆیان بۆ
گەڕانەوە تۆمار کردووە، لە قامیشلۆش 250 خێزان کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی هەزار کەس،
ئامادەیی خۆیان بۆ گەڕانەوە نیشانداوە.
"ئەگەر سەرمیش ببڕن ناڵێم کورد نیم" بەرەکە مەحموود عەبدێ، ژنێکی کوردی ئاوارەی
رەقەیە، سەرەڕای ئارەزووی بۆ گەڕانەوە، نیگەرانییەکانی خۆی ناشارێتەوە و بۆ رووداو دەدوێ:
"هەر کە رۆشتینەوە، ئەگەر دوژمن لە شوێنەکەمان بێت، ئێمە کچ و بووک و گەنجمان هەیە،
ناتوانین هەروا بڕۆینەوە. ئەگەر سەرمیش ببڕن ناتوانم بڵێم ئێمە عەرەبین، ئێمە
کوردین. مردن تەنیا جارێکە، کورد کوردە و عەرەب عەرەبە؛ مەڕ بە پێی خۆی و بزن
بە پێی خۆی. سەرمان ببڕن (پێشتریش بڕیویانە) ئێمە ناڵێین کورد نین."
لیژنەیەکی هاوبەش بۆ گەڕانەوە پڕۆسەی تۆمارکردنی ناوی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ
ناوچەکانی رەقە، تەبقە، گرێ سپی و عەین عیسا بەردەوامە. فاتمە حوسێن ئەحمەد،
سەرۆکی لیژنەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی رەقە لە کۆبانێ، دەڵێت: "سەرەتا لیژنەمان
پێکهێناوە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی رەقە، تەبقە، گرێ سپی و عەین عیسا، بۆ ئەم
مەبەستەش هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی سووریا دەکەین."
ماڵی بێ دەرگا و پەنجەرە ئەو کوردانەی دەگەڕێنەوە، زانیارییان پێگەیشتووە کە
ماڵەکانیان بە تەواوی تاڵان کراون و شیاوی نیشتەجێبوون نین. محەممەد حەسۆ،
بەرپرسی لیژنەی ئاوارەکانی رەقە و گرێ سپی لە قامیشلۆ، باس لەو دۆخە دەکات و
دەڵێت: "نە پەنجەرە ماوە و نە دەرگا، نە کارەبا و نە پێداویستییەکانی ژیان.
ئێمە ناڵێین حکومەت تاڵانی کردوون، حکومەت تا بۆی کرا دەیپاراست، بەڵام زۆرێک
لە جیرانەکانیان ماڵەکانیانیان دزیوە."
ئێستا ناوی ئاوارەکان و ناونیشانی ماڵەکانیان تۆمار دەکرێت و داوای
قەرەبووکردنەوەیان بۆ دەکرێت. پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو خێزانە
کوردانەی لە رەقە ئاوارە بوون بگاتە 1600 خێزان. بڕیاریشە لە رۆژانی داهاتوودا
پڕۆسەی تۆمارکردنی ناو لە حەسەکە، عامودێ، رمێلان و دێریک دەستپێبکات.
