رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بەردەوامن و هیواداریشن لە چەند رۆژی داهاتوودا "بەرهەمی ئەو هەوڵانە" ببینرێت.
رۆژی چوارشەممە، 17-06-2026، سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی دهۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان لە کارە لەپێشینەکانی ئێمەن کە کاری لەسەر دەکەین." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوانیش و خەڵکی کوردستانیش نیگەرانن لەوەی نزیکەی دوو ساڵە حکومەت پێکنەهاتووە و پەرلەمان کارا نییە.
سەربەست لەزگین دەڵێت، کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەرکێکی سەرەکیی پارتییە و گوتی: "پەرلەمان موڵکی هەموو خەڵکی کوردستانە؛ پێویستە ئەندامانی پەرلەمان بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی هەڵبگرن، خۆیان لە بەرگی تەنگی حیزبایەتی دەربهێنن و پێکەوە دیدگایەکی کوردستانیمان بۆ داهاتووی ئەم هەرێمە هەبێت."
ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی لە جەژنی قورباندا کرد و بە "بناخەیەکی زۆر باش" بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان وەسفی کرد و ئاماژەی بەوە دا، دەستپێشخەرییەکە لەلایەن زۆرینەی لایەنەکانەوە پێشوازیی لێکراوە.
سەبارەت بە ئاسۆی گفتوگۆکانیش، سەربەست لەزگین رایگەیاند، دیدار و پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوامن و گوتیشی: "دیدارەکان کراون و بە پشتیوانیی خودا هیوادارین لە رۆژانی داهاتوودا بەرهەمی ئەو هەوڵانە ببینین."

