رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رایدەگەیێنێت، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینەی 50+1ی کورسییەکانی پەرلەمانی نییە، بۆ پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە هێزەکانی دیکەیە، بۆیە داوا دەکات "بەرکەوتەی هەڵبژاردن"ی هەموو لایەنەکان بدات و بە کردەوەش پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی بکات.
رزگار حاجی حەمە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند: یەکێتی هەموو هەوڵێکی بۆ پێکهێنانی حکومەت و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بووە، بەڵام پێیوایە پارتی نایەوێت دان بە واقیعی نوێی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا بنێت.
رزگار حاجی حەمە گوتی: "پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێت ئەوە بزانێت ئێستا ئەو هاوکێشەیەک هاتووەتە پێشەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، 50+1ی نییە و پێویستی بە هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەیە. تاوەکو ئێستاش برایانی پارتی نایانەوێت بڕوا بە خۆیان بکەن کە لە کۆی 100 کورسیی پەرلەمان، ئەوان 39 کورسییان هەیە و 61 کورسی لە دەرەوەی ئەوانە."
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بەرگری لە هاوپەیمانیی نێوان حیزبەکەی و نەوەی نوێ کرد و بە هەنگاوێک بۆ دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز وەسفیکرد و گوتی: "رێککەوتنی نەوەی نوێ و یەکێتی گرفتی نییە". رزگار حاجی حەمە گوتیشی، دەبوو پارتی "پێی خۆش بێت" و هەوڵی کۆکردنەوەی لایەنەکانی دیکەش بدات، نەک نیگەران بێت: "بۆچی پارتی بەوە نیگەران دەبێت کە یەکێتی و نەوەی نوێ بەیەکەوە هاوپەیمانییان کردووە؟ زیانەکانی چییە؟ خۆزگە هەوڵی زیاتریش بدرایە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی دادگەریش بهێنرێنە ناو هاوکێشەکەوە."
رزگار حاجی حەمە هۆکاری دوودڵیی لایەنەکان بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بە گوتەی ئەو "پارتی دەسەڵاتی راستەقینە بە هاوبەشەکانی نادات."
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی پێیوایە هەرێمی کوردستان لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەدایە، بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و پرسی بودجە و یاسای نەوت و گاز، بۆیە پێویستی بە یەکڕیزی و کۆدەنگیی هەموو لایەنەکان هەیە.
رزگار حاجی حەمە ئاماژەی بەوەدا کە لە بەغدا پێویستییان بە دەنگی پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆنیش دەبێت و گوتی: "دوو مانگێکی دیکە بابەتی بودجە و یاسای نەوت و گاز دێتە پێشەوە، پێویستیمان بە ئەندام پەرلەمانەکانی لایەنەکانی دیکە نییە پشتیوانمان بن؟"
سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی، بۆ دەرچوون لەو چەقبەستوویە سیاسییەی هەرێمی کوردستان تێیکەوتووە، رزگار حاجی حەمە بە "گرنگ و باش" وەسفیکرد، بەڵام مەرجی بۆ سەرکەوتنی دانا و گوتی: "دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر بەهێز پشتیوانی لەم دەستپێشخەرییە بکات، نەک بە قسەکردن، بەڵکو بە کردەیی لە دانوستانەکاندا." راشیگەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان و پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک دەکات کە لە خزمەتی خەڵک و هەرێمی کوردستاندا بێت.
.jpg&w=3840&q=75)