رووداو دیجیتاڵ
بریندارێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بروجێردی لوڕستان دوای زیاتر لە سێ مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
شەوی شەممە 20-06-2026 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدانی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان، گیانلەدەستدانی ئەو هاونیشتمانییەی راگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل دا بۆ سەر بروجێردی سەر بە پارێزگاکە، بریندار ببوو.
ئەو هاونیشتمانییە ناوی داوود ئەبولفەتحی بوو، لە 8ی ئادارەوە بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە خەوێندرابوو.
بەگوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری شەهیدانی لوڕستان، بڕیارە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی داوود ئەبولفەتحی ئەمڕۆ یەکشەممە لە بروجێرد بەڕێوەبچێت.
جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، 28ی شوباتی 2026 بە هێرشێکی هاوبەشی ئەو دوو وڵاتە بۆ سەر تاران دەستیپێکرد کە تێیدا عەلی خامنەیی، رێبەری ئەوکاتی ئێران و ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی کوژران.
لە بەرامبەردا هێزە چەکدارەکانی ئێرانیش چەندین جار بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.



