رووداو دیجیتاڵ بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی رایگەیاند، هەر خانەنشینێک فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕکردبێتەوە، زەوی وەردەگرێت. ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "هەموو ئەو فەرمانبەرانەی پێش خانەنشینبوونیان فۆڕمیان پڕکردووەتەوە، لەگەڵ فەرمانبەرانی دیکە و لەسەر میلاکی ئەو وەزارەتەی لێی بوون، زەوی وەردەگرن و هیچ کێشەیەکیان نابێت، بەڵام ئەوانەی فۆڕمیان پڕنەکردووەتەوە، سوودمەند نابن." سەبارەت بە نیگەرانیی ئەو فەرمانبەرانەی لە دوو ساڵی رابردوودا خانەنشین بوون و بەهۆی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەوە مووچەکانیان کەمە، ئارام شوانی گوتی: "ژمارەیان لە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان زیاتر لە 5 هەزارە، دەستکاریکردنی مووچەکەیان، تەنیا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی وەزیران دایە و تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە نییە کە لەکاتی خانەنشینبوون پلەیان بۆ بەرز بکرێتەوە." گوتەبێژی خانەنشینی سلێمانی باسی لەوە کرد کە پارەی رێزلێنانی خانەنشینان مانگانە لە بەغداوە دێت، بەڵام بڕەکەی دیاریکراو نییە و گوتی: "ئێمە ناوی هەموو خانەنشینانمان ناردووە، بەڵام نازانرێت مانگانە ناوی کێ دەگەڕێتەوە، هەر مانگە و ناوی بەشێکیان دێتەوە و دەخرێتە سەر مووچەکانیان." بەشێک لە مامۆستایانی خانەنشین دەڵێن مانگانە بڕێک پارە لە مووچەکانیان دەبڕدرێت، ئارام شوانی گوتی: "ئەو مامۆستایانە بە هەڵە پارەی رێزلێنانی 8 مانگیان بۆ خەرجکراوە، لەکاتێکدا ئەوان تەنیا مافی 6 مانگیان هەیە، بۆیە ئێستا حکومەت مانگانە بڕێک پارە لە مووچەکانیان دەبڕێت تاوەکو ئەو پارە زیادەیەی وەریانگرتووە بگەڕێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەت."
کوردستان21-06-2026لە حاجی ئۆمەران کۆڵبەری دەستیپێکردەوە؛ رۆژانە 500 کەس کاڵا دەبەنە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان