رووداو دیجیتاڵ
لە شاری ئادانای تورکیا، ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتی بانگەواز بۆ بەشداریکردن لە "گردبوونەوەی ئازادی" دەکەن کە بڕیارە لە شاری مەرسین بەڕێوەبچێت و رایدەگەیێنن، "ئەمە گردبوونەوەی ئاشتی و ئازادییە، هەرکەسێک ئەو دووانەی دەوێت، پێویستە ئامادە بێت."
بڕیارە رۆژی 27ـی حوزەیرانی 2026، بە دەسپێشخەریی هەریەکە لە تەڤگەری ژنانی ئازاد (TJA)، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (DBP) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، گردبوونەوەیەکی جەماوەریی گەورە لە باخچەی گەل لە ناوچەی یەنیشەهیری سەر بە پارێزگای مەرسین بەڕێوەبچێت.
گردبوونەوەکە بە دروشمی "بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکرات بە رێبەرێکی ئازادەوە" بۆ داواکردنی ئازادیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە رێکخراوە.
لە شاری ئادانا، ئامادەکارییەکان بۆ گەیشتن بە مەرسین گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی. ئەندامانی ئەنجوومەنی دایکانی ئاشتیی ئادانا و هاوسەرۆکانی دەم پارتی لە شارۆچکەکانی سەیهان و یورەگیر ئاشکرایان کردووە، تەنیا لەو شارەوە پلان دانراوە بە 20 پاس بەشداری لە گردبوونەوەکەدا بکەن.
دایکانی ئاشتی لە بانگەوازەکەیاندا جەختیان لە گرنگیی پشتگیریکردنی پرۆسەی ئاشتی کردەوە و رایانگەیاند، "بانگهێشتی هەمووان دەکەین بۆ ئەم گردبوونەوەیە، چونکە ئەمە هەنگاوێکە بەرەو کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی."
بەگوێرەی بەرنامەی گردبوونەوەکە، هەریەکە لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی و چەتین ئارکاش، ئەندامی سکرتارییەتی ئیمراڵی گوتاری سەرەکییان دەبێت. هەروەها هونەرمەندان (ئەیلول نازلیەر، رۆنی ئارتین و ئارهات) بە بەرهەمە هونەرییەکانیان بەشدار دەبن.
دایکانی ئاشتی کێن؟
بزووتنەوەی دایکانی ئاشتی، رێکخراوێکی مەدەنی و مافناسیی ژنانە کە لە ساڵی 1996ـەوە لە تورکیا و باکووری کوردستان دامەزراوە. زۆربەی ئەندامانی ئەم گرووپە ئەو دایکانەن کە منداڵەکانیان لە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بێسەروشوێن بوون، یان ئێستا لە زیندانەکاندان و ئامانجی سەرەکییان کارکردنە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و چەسپاندنی ئاشتی.



