رووداو دیجیتاڵ دوای ماوەیەک لە وەستان بەهۆی جەنگەوە، دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران جارێکی دیکە بەڕووی کۆڵبەرانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کرایەوە. رۆژانە نزیکەی 500 کۆڵبەر رێگەیان پێدەدرێت بێنە هەرێمی کوردستان و ئەو کەرستە و کاڵایانەی بۆیان دیاری کراوە لەگەڵ خۆیان ببەنەوە. عەبدوڵڵا مەحموود، بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران لە پارێزگای هەولێر، رۆژی یەکشەممە 21-6-2026 بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "کۆڵبەری دەستیپێکردووەتەوە، تەنیا دوێنێ و ئەمڕۆ رۆژانە 400 بۆ 500 کۆڵبەر هاتوونەتە هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی کەرەستە." سەبارەت بەو مەرجانەی بۆ کۆڵبەران دیاریکراون، عەبدوڵڵا مەحموود گوتی: "کێشی ئەو کۆڵەی هەر کۆڵبەرێک دەیبات دیاریکراوە و نابێت لە 10 کیلۆگرام زیاتر بێت، دەبێت تەنیا ئەو کەرەستانەش بن کە بە فەرمی رێگەیان پێدراوە." ئەو کەرەستانەی کۆڵبەران دەیانگوێزنەوە بریتین لە، قوماش و چا، ئامێری بچووکی قاوە دروستکردن، ئامێری بچووکی بیناسازی (وەکو درێڵ) و قاپوقاچاخ و پێداویستییە بچووکەکانی نێو ماڵ. بەپێی ئامارەکان، رۆژانە نزیکەی 5 تۆن کەرەستە و کەلوپەل لەلایەن ئەو کۆڵبەرانەوە دەبردرێتە نێو خاکی ئێران و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان. لە سەرەتای حوزەیرانی ساڵی 2025ـەوە، حکومەتی ئێران کارتی کۆڵبەریی بۆ زیاتر لە 10 هەزار دانیشتووی ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکردبوو بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی کار بکەن، بەڵام لە کۆتایی شوباتی ئەمساڵدا، بەهۆی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، تاران بڕیاری دا کارەکە رابگرێت. بەڕێوەبەری ناحیەی حاجی ئۆمەران گوتی: "کاتێک کۆڵبەری راگیرا، لایەنی ئێرانی خۆی رایگرتبوو، ئێستاش هەر خۆیان بڕیاریان داوە دەروازەکە بەڕوویاندا بکرێتەوە." دەستپێکردنەوەی کاری کۆڵبەری قەرەباڵخیی لە دەروازەکە دروستکردووە، لەو بارەیەوە عەبدوڵڵا مەحموود گوتی: "ئێمە سەرقاڵی تاوتوێکردنی پلانێکی نوێین بۆ رێکخستنەوەی کاری کۆڵبەران، بە جۆرێک کە نەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵخی و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی گەشتیاران."