رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کەشوهەوای سیاسیی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕوات و دەستپێشخەرییەکەی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان "دەرچەیەکی" بۆ گفتوگۆکان کردووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 21-6-2026، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات گوتی: "دەستپێشخەرییەکەی مامۆستا سەڵاحەدین ئیشێکی زۆر گرنگ و بەرپرسیارانە بوو،" گوتیشی، "ئەوە دەرچەیەکی کردووەتەوە و دڵنیام کە بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی هەنگاوەکانی."
بەرپرسەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوە کرد، هەمیشە کەناڵی گفتوگۆ لەنێوان پارتی و یەکێتیدا هەبووە، بەڵام هەوڵەکەی ئێستا گرنگیی تایبەتی هەیە.
ئاری هەرسین دەڵێن، یەکەم هەنگاوی بنەڕەتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە و گوتی، "کابینەی حکومەت لەکوێ متمانەی پێدەدرێت؟ لە پەرلەمان. کەواتە دەبێت پێشتر پەرلەمانێک کارا کرابێتەوە بۆ ئەوەی شەرعیەت بدات بەو حکومەتەی کە پێکدەهێنرێت."
ئاری هەرسین ئاماژەی بەوەش کرد کە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی مێژوویەکی 60 ساڵەی هەیە و باس لە هۆکاری بەردەوامنەبوونی رێککەوتنی ستراتیژی دەکات و دەڵێت: "رێککەوتنەکە لە مەکتەبی سیاسییەوە نەهاتە خوارەوە بۆ لق و مەڵبەند و کۆمیتەکان. وەک رێککەوتنێکی جێنتڵمنانە لەنێوان دوو نوخبەی سیاسیدا مایەوە، نەک دوو حیزبی سیاسی، بۆیە تەمەنی درێژ نەبوو."
ئاری هەرسین باسی لە کاریگەریی هێزە دەرەکییەکان کرد و گوتی، "ئەگەر ئێمە دەوڵەتمان هەبووایە، زۆر دەمێک بوو کابینەی دەیەم پێکدەهات." ئەو ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی بەراورد کرد بەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران و رایگەیاند، "ئەوان دەوڵەتن، تۆ دەوڵەت نیت. هەر کەسێک دێت و کەوچکێک لە بابەتەکەت وەردەدات."
ئاری هەرسین پێیوایە چارەسەری کێشەکان قورس نییە ئەگەر نیازپاکی هەبێت و گوتی چارەسەری کێشەکان لە "شاشەی تەلەڤیزیۆنەوە ناکرێت،" بەڵکو پێویستی بە "دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ" هەیە. "دەبێت ئێمە و یەکێتی دابنیشین و هەرچییەکمان هەیە بە راشکاوی بە یەکدی بڵێین تاوەکو لێکتێگەیشتن دروست بێت."

