رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لەو خوێندکارانەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان و مامۆستای ئایینی، دەڵێت، ئەو مامۆستا ئاینییە لە رێگەی ژمارەی خۆیەوە هەراسانی کردوون، داوای وێنەی کردووە و "وێنەی نەشیاو"ـی بۆ خوێندکارەکان ناردووە.
د. عەبدوللەتیف ئەحمەد جیا لەوەی مامۆستای زانکۆیە، بە رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان دەناسرێ، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دەنگەکانیدا کاردانەوەی لە تەواوی باشووری کوردستان لێکەوتووەتەوە، دەنگێک کە خۆی بە تووندی رەتیدەکاتەوە.
یەکێک لە خوێندکارەکانی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بۆ رووداو قسەیکردووە و باس لە هەنگاوانە دەکات، گوایە د. عەبدوـلەتیف ئەحمەد بۆ "راوکردن"ـی کچەکان دەیگرێتەبەر و دەڵێت: "سەرەتا دەستپێکی خوێندنی زانکۆ خۆی ژمارەی لە هۆڵەکە دابەشکرد، هەموو ئەوانەشی کردوونییەتی بە بەڵگەوە بە هەمان ژمارەی کردوونی".
ناوی کچەکە لەلای رووداو پارێزراوە و ئەمڕۆ یەکشەممە گوتی: "یەکەم جار گوتی کات کەمە و دەرفەتی سیمیناری هەمووتانم نییە، ژمارەکەم پێداون و هەرکەسە و بە واتسئەپ بە دەنگ سیمیناری خۆیم بۆ بنێرێ".
خوێندکارەکە دەڵێت: "د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد سەرەتا سێ نمرەی دانابوو بۆ سیمینار، کردی بە حەوت نمرە بۆ ئەوەی هەمووان بە مۆبایلی خۆیان بە دەنگ سەمیناری بۆ بنێرن".
ئەو خوێندکارە کە خۆی بە قوربانی دەزانێت گوتی: "یەکەم جار سیمینارم بۆ نارد زۆر دەستخۆشی لێکردم و گوتی تەواو بە دڵمە. دوای دوو رۆژ نامەی بۆ ناردم گوتی ئەو جلانەی ئەمڕۆ لە دەوام لەبەرتدا بوو زۆر سەرنجڕاکێش بوو، بەڕاستی بەوە شۆک بووم".
بە گوتەی ئەو خوێندکارە بێت، ئەو رێگەی نەداو زێدەڕۆیی بکات لە قسەکانیدا و پەیوەندی لەگەڵ پچڕاندووە.
ئەم قسانەی ئەو خوێندکارە باسی دەکات و ئەو دەنگانەشی بەناوی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد بڵاو بوونەوەتەوە، هەر لە سەرەتای کەیسەکەوە لەلایەن ئەو مامۆستا ئاینییەوە بە تووندی رەتکراونەتەوە.
خوێندکارەکە دەڵێت: "لەگەڵ هاوڕێ کچەکانم باسی نامەکەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەدم کرد، یەکێکیان گوتی بەخوا دەمێکە داوای هاوسەرگیری لێکردووم. بەڵام رەتمکردەوە".
ئەو خوێندکارە لە درێژەی قسەکانی گوتی: " د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد لەگەڵ خوێندکارەکانی دیکەشدا بە هەمان شێوەی من دەستیپێکردووە، سەرەتا ئەوەی بە من گوت، کە با بەردەوام تەلەفۆنمان هەبێ، چونکە بیرکردنەوەمان لێک جیایە ئەگەر پێویست دەکات، منیش گوتم پێویست ناکات و قسەم لەگەڵ نەکردەوە، بەڵام بە هەمان پاساو لەگەڵ کچەکانی هاوڕێمدا قسەی کردووە".
خوێندکارەکە دەڵێت، لە تەواوی قۆناخەکانی کۆلێژەکەیان کچ هەبووە هاوشێوەی ئەوان. ئاماژەی بەوەکرد: "دوو کچ خۆیان مۆبایلیان پیشاندام، کە د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد وەڵامی سێ پرسیاری پێگوتوون پێش تاقیکردنەوەکان، ئەوە هەموو کچەکان دەزانن".
ئەو خوێندکارەی کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان دەڵێت: "جارێک لە دەرگای نەخۆشخانەی لای زانکۆوە وێنەی بۆ کچێکی هاوڕێم نارد کە لە نێو ئۆتۆمبێلە و چاوەڕێی دەکات، نەمهێشت کچەکە بچێ، دواتر لێی تووڕەببوو بلۆکیشی کرد. دوای ماوەیەک دیسان بلۆکی سەر کچەکەی لابردو گوتی تۆ پیاو دەخەڵەتێنی و تۆ کەسێکی زۆر خراپی، بە چەندین شتی دیکە تۆمەتباری کرد".
بەگوتەی ئەو خوێندکارە، یەکێکی دیکە لە کچەکان دوای ماوەیەک قسەکردنی لەگەڵیدا داوای کردووە هاوسەرگیری لەگەڵدا بکات و ئەویش هاوشێوەی هاوڕێیەکی دیکەیان رەتیکردووەتەوە.
لە بەردەوامیی قسەکانیدا خوێندکارەکە گوتی: "رۆژێک تاقیکردنەوەیەکمان هەبوو لەسەر 10، کچە خوێندکارێکی جوانمان هەیە، لەکاتی تاقیکردنەوەدا د. عەبدوللەتیف سەیری دەموچاوی کچەکەی کردبوو بێ ئەوەی پرسیارەکە ببینێ گوتبووی تۆ 9 لە 10ت مسۆگەرە". هەروەها گوتی: "کچێکی نیقابمان هەیە، نامەی بۆ د. عەبدوللەتیف ناردبوو بۆ پرسیارێک، ئەویش گوتبووی کوا وێنەی خۆت بنێرە بزانم ئەویت و بزانم چۆنی بەبێ پەچە".
خوێندکارەکە دەڵێت، ئەم ساڵ یەکەم ساڵ بووە د. عەبدوللەتیف وانەی پێ بڵێتەوە و ئەوانەی روودەدات هەمووی لەم وەرزەی خوێندندا بووە. ئاماژەی بەوەشکرد: "بەرامبەر بەخۆم هیچی نەشیاوی بەکارنەهێنا، چونکە زوو رێگەم لێ کرد".
خوێندکارەکە دەڵێت: "زۆرینەی کچەکانی بانگکردووە بۆ باخەکەی، بەڵام زانیاریم نییە چووبوون، شتێکیش دڵنیا نەبم ناتوانم بیڵێم، بەڵام دڵنیام کچی بۆ قسەکردن بردووەتە نێو ئۆتۆمبێلەکەی و نێو ژوورەکەی خۆی لە زانکۆ".
ئەو خوێندکارە دەشڵێت :"زۆرینەی هاوڕێکانم دەترسن لە ماڵ و کەسوکاریان سکاڵا بکەن، بەڵام سبەی چەند خوێندکارێک بە ئامادەیی چەند مامۆستایەکی ئایینیی سکاڵا دەکەن".
لەبارەی ئەو نامە نەشیاوانەی باس دەکرێن کە گوایە د. عەبدولـلەتیف بۆ کچە خوێندکارەکانی ناردووە، ئەو کچە خوێندکارە گوتی: "بۆ خۆم نا، بەڵام بۆ هاوڕێکانم وێنەی نەشیاوی ناردووە، وێنەیەکە هێندە قێزەون بوون بە بینینی تۆشی شۆک و ناڕەحەتی بووین".
بەگوتەی ئەو کچە بێ، لە بەشەکەی ئەوان 15 کچ هەن د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد داوای هاوسەرگیری لە سێ کەسیان کردووە. گوتیشی: "ئەوانەی باسی دەکەم خۆم شایەتم لەسەری، شتی دیکە زۆرن، بەڵام کە نەمبینێ ناشمەوێ باسی بکەم".

